پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، نوسراو کراوە بۆ وەزیری نەوتی عێراق تاکو نەوتی سپیی ماڵان و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی فیدراڵ بگەیەندرێتە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 09-09-2024، د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، باس لە پێویستیی ناردنی بەشەنەوتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کراوە و نابراو رەزامەندی داوە لەسەر بەرزکردنەوەی نوسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و باسکردنی ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنەکە.
راشیگەیاند، لە داواکەماندا بۆ وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەمان بە سەختیی وەرزی زستان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق داوە. و ئومێدەوارین لەمساڵیشدا هاوشێووەی دوو ساڵی رابردوو، بەشەنەوتی هەرێمی کوردستان پێش زستان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشبکرێت.
بڕیار رەشید دەشڵێت: پاش سەردانەکەی ئێمە بۆ لای وەزیری نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و بڕیاریان داوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بکەن. هیوادارین لەبری ئەوەی گرفتی بۆ درووست بکەن، پاڵپشتی و داکۆکی لە داواکەی ئێمە بکەن.
کێشە و گرفتەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێم
بە وتەی ئەو ئەندام پەرلەمانە، بەشێک لەو گرفتانەی کە بوونەتە هۆکاری نەناردنی بەشەنەوت و بەنزین لەمساڵ و چەند ساڵی رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هاوئاهەنگیی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت نەبوونی داتا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گرفتی گەورەی بۆ ناردنی بەشەنەوت و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی فیدراڵ درووستکردووە، بەو پێیەی بەشێکی سەرەکی لە سەرچاوەی داهات لەسەر فرۆشتنی نەوتە.
بەشێکی دیکە لە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت، بە وتەی بڕیار رەشید، دەگەڕێتەوە بۆ گرفتی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بێ گوێدانە رێکەوتنەکەی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان گرفتی بۆ وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) درووستکردووە، چونکە لەو بڕە زیاتر بەرهەمدەهێندرێت کە بۆ حکومەتی هەرێم دیاریکراوە.
حکومەتی داهاتوو بە سەرۆکایەتیی یەکێتی بتوانێت هەماهەنگی و کارئاسانی بۆ بەئەنجامگەیاندنی هەوڵەکان بکات
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیواشیخواست، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بتواندرێت بە ئاسانتر هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو هەوڵانە بگاتە ئەنجام.