پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 8 ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “لەدرێژەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابوری لەهەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەچارەسەری کێشە ئابووری و داراییەکان لە نێوان هەردولا بەڕێوەچوو.”
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، “کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هاوڕابووین لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەت ئەو کێشانەی رەهەندی دارایی و و ئابوورییان هەیە لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور.”
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، “لەکۆبوونەوەکە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی تایبەت بە گومرگ، خاڵە سنووریەکان و رێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، هەردولاش هاوڕابوون کە میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە.”
لەکۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “بڕیارە کۆبووەنەوەکان سبەی دووشەممە درێژەی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران، مووچەخۆران، خانەنشینان وگشت هەرێمی کوردستان بێت.”
لەکۆبوونەوەکە هەریەک لە؛ فوئاد حسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق؛ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی؛ عەمار سوبحی خەڵەف، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لەهەرێمی کوردستانیش هەریەکە لە؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ دارا رەشید، وەزیری پلاندانان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان تێیدا بەشداربوون.