پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی عێراقی نیشتەجێی کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 18 هەزار عێراقی لەو کەمپەدا ماون.
عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند، بڕیارە بەمنزیکانە ژمارەیەکی دیکە لە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە کە 150 بۆ 160 خێزان دەبن.
وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وتی، “ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەکە کراوە، بەڵام تاوەکو رۆژی گەڕانەوەیان دیار نییە.”
عەلی عەباس باسی لەوەش کرد، “هێشتا نزیکەی 18 هەزار عێراقی لە کەمپەکەدا ماون؛ نزیکەی 4500 بۆ 5000 خێزانیش گەڕێندراونەتەوە.”
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) دایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
ئەو خێزانە عێراقییانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا کە ساڵی 2021 دروستکراوە.