بلینکن: نزیکەی %90ی کارەکانی ئاگربەست لە غەززە رێککەوتنی لەسەرکراوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، نزیکەی 90%ی کارەکانی ئاگربەست لە غەززە رێککەوتنی لەسەر کراوە. هەروەها پێیوایە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە هێشتا ئەگەری هەیە پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووبدات.

بلینکن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هایتی رۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بەوەدا کە رێککەوتنەکە سەرەتا پێویستی بە ئاگربەست لە غەززە دەبێت جگە لە رەزامەندی ئیسرائیل بۆ “رێگایەکی باوەڕپێکراو بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین”، کە سعودیە پێداگری لەسەر دەکات و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە یەکجاری رەتیدەکاتەوە.

بلینکن وتی: کارێکی زۆر پێویستە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام ئیسرائیل و سعودیە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئارەزووی رێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەکەن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: باوەڕم وایە ئەگەر بتوانین لە غەززە بگەینە ئاگربەست، هێشتا دەرفەتێک دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ژێر ئەم ئیدارەیەدا [سەرۆکایەتیی جۆ بایدن] بە ئاساییکردنەوە بەرەوپێش بچین.

بلینکن دووپاتی کردەوە کە نزیکەی 90%ی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام پرسگەلێکی زۆر گرنگ هەن کە هێشتا هەڵپەسێردراون، لەوانە پرسی بەناو میحوەری فیلادێڵفیا لە کۆتایی باشووری کەرتی غەززە لەسەر سنووری میسر، کە گرنگییەکی زۆری لەلایەن ئیسرائیلەوە پێدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن لە چەند رۆژی داهاتوودا بیرۆکەی زیاتر دەخاتە سەر مێزی دانوستان و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەدرێن بە هەر سێ لایەنی ئیسرائیل، قەتەڕ و میسڕ لەوێشەوە بە حەماس.

ئیسرائیل و حەماس یەکتر تۆمەتباردەکەن رێگریکردن لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، ئەمەش دوای یازدە مانگ لە دەستپێکردنی شەڕ. لەهەمانکاتدا نەتانیاهوو رووبەڕووی فشاری ناوخۆیی زۆر بووەتەوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک کە ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا رفێندرابوون.

لای خۆیەوە ناتانیاهۆ بوونی ‘رێککەوتنێکی نزیک’ی رەتکردەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی “فۆکس نیوز”ی ئەمریکی رایگەیاند: نەخێر، بەداخەوە ئێمە نزیک نین [لە رێککەوتنەکە]، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاڵنانی ئەوان بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنێک کە لە هەمان کاتدا رێگری بکات لە دووبارە پڕچەککردنی حەماس لەلایەن ئێرانەوە لە غەززە”.

بەڵام جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا جەختی لە پێچەوانەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە “ئەگەر وردبینی بکەین، لەسەدا 90ی رێککەوتنەکە نزیکە لە تەواوبوون و پێموایە ئێمە لە ئاگربەست نزیک بووینەتەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “چوارچێوەکە بۆ رێککەوتن داڕێژراوە، لە ئێستادا وردەکارییەکانی تاوتوێ دەکرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا