هاریس و ترەمپ لەسەر مەرجی دیبەیتی نێوانیان رێککەوتن؛ یەکێک لە مەرجەکان داخستنی مایکرۆفۆنی ئەو بەربژێرەیە کە نۆرەی قسەکردنی نییە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە مەرجەکانی دیبەیتکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ رازی بوو، یەکێک لەو مەرجانە بێدەنگکردنی مایکرۆفۆنی ئەو بەربژێرەیە کە نۆرەی قسەکردنی نییە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، بڕیارە 10ـی ئەیلوول کاتژمێر 9 ـی شەو بەکاتی رۆژهەڵات لە ئەمریکا دیبەیتی سەرۆکایەتیی لەنێوان هەردوو بەربژێر، کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ لە سەنتەری دەستووریی نیشتیمانیی فیلادێڵفیا لە ویلایەتی پێنسڵڤینیا بەڕێوەبچێت کە بەشێوەی راستەوخۆ کەناڵی ABC پەخشدەکرێت.

لە ئێستادا دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هەردوو بەربژێرەکە سەرقاڵی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی راپرسییەکانن سەبارەت بە ژمارەی دەنگەکانیان لەهەندێک ویلایەت.

ئەو راپرسییەی کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردۆتەوە دەریخستووە کە چەند هەزار دەنگێک لە چەند ویلایەتێکی دیاریکراو دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکەنەوە، وەک ئەوەی زۆرجار لە ئەمریکادا روودەدات.

بەگوێرەی راپرسییەکەی سی ئێن ئێن، پێشبینی دەکرێت سەخترین کێبڕکێی نێوان هەردوو بەربژێر لە ویلایەتەکانی نیڤادا، جۆرجیا و پەنسلڤینیا بێت و سەرکەوتنی هەر بەربژێرێکیان لەو سێ ویلایەتە، بڕیار لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەدات.

بە وتەی بەڕێوەبەری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی، هاریسی 59 ساڵ دەیەوێت لێخۆشبوونی باج لەسەر تێچووی دەستپێکردن دە هێندە کەم بکات، ئەمەش بەمەبەستی هاندانی دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک، بەجۆرێک لێخۆشبوونەکە لە پێنج هەزار دۆلارەوە بۆ 50 هەزار دۆلار بەرزدەکرێتەوە.

لە کاتێکدا ترەمپ دەڵێت رکابەر و نەیاری “کۆمۆنیستەکانە”، هاریس دەیەوێت وێنەی خۆی وەک بەربژێرێک بۆ چینی ناوەڕاست و کرێکار لە دژی ملیاردێرێکی کۆمارییەکان بەهێز بکات کە تۆمەتبارە بە گرنگیدانی زیاتر بە خاوەن سەرمایە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان..

بەگوێرەی ناوەندەکانی هەواڵ لە ئەمریکا، هەردوولایان بۆ بەڕێوەچوونی دیبەیتەکە، مەرج و تێبینییەکانی خۆیان پێشکەش بە دەزگای پەخشکردنی دیبەتەکە کردوو و لە کۆتاییدا لەسەر چەند مەرجێکی بنچینەیی رێککەوتوون.

مەرجەکانی دیبەیتی نێوان هەردوو بەربژێرەکە رێککەوتنی لەسەرکراوە؛ بەشێک لە مەرجەکان باس لەوە دەکەن، ئەو کاتەی بەربژێرێک قسەدەکات، مایکرۆفۆنی بەربژێرەکەی دیکە دەبێت داخرابێت.

یەکێکی دیکە لەو مەرجانە بریتییە لە کات و ناوبڕی دیبەیتەکە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دیبەیتەکە 90 خولەک بێت و دوو ریکلامی بازرگانی تێدا بێت.

مەرجێکی دیکە ئەوەیە، هیچ کام لە بەربژێرەکان بۆیان نییە تێبینی و نوسراو بهێننە ناو دیبەیتەکە.

هەروەها، دیبەیتەکە بەبێ بەشداریی ئامادەبووان و لایەنگرانی هەردوولا بەڕێوەدەچێت و دەیڤد میور و لینزی دەیڤس کە دوو پێشکەشکاری کەناڵی ABCن، وەک ناوبژیوان دیبەیتەکە بەڕێوەدەبەن.

 

بڕیارە رۆژی 5ـی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و بەربژێری ئیستای پارتی دیموکراتەکان لە کێبڕکێیەکی سەختدایە لەگەڵ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا