پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەند کرد.
رۆژی چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستووری عێراق جێگیر کراون.
پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی ڕابردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکییەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بوو کە لە ماوەی پێشوو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و لیستەکانی مووچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانووی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی کردووە.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا بکرێت، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێم ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا بکرێت کە تا ئێستا چارە نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.