كۆرتوا لە دیمانەیەكی كادینا سیردا

پۆڵەتیك: سپۆڕت
تیبۆ كۆرتوای بەڵجیكی گۆڵچی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە دیمانەیەكی ڕادیۆی كادینا سیردا وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە كە تیایدا باس لە خۆی و لە ڕاهێنەران و یاریزانانی هاوڕێی و دژەكانی دەكات.

سەرەتا پرسیاری ئەوەی ئاراستە كرا بۆ ڕووی كردە ڕیاڵ مەدرید لە وەڵامدا گۆڵچییە زەبەلاحەكە وتی: (خەون بوو هاتە دی من ڕیاڵ بەلاوە پەسەند بوو تەنانەت كاتێكیش لە ئەتڵەتیكۆ بووم هەوڵیان بۆ گواستنەوەم دا، بەڵام ئەو كات ڕووم لە چێڵسی كرد دواتر گەڕامەوە ئیسپانیا و ئێستا لێرەم و دەشخوازم هەر لێرە واز لە یاری كردن بهێنم).

سەبارەت بە جیاوازی نێوان ڕاهێنەران بە تایبەت لە ڕابردوودا سیمیۆنی و ئێستاش زیدان چی دەبینێت كۆرتوا وتی: (نەك هەر ئەوان من مۆرینهۆ و كۆنتی و مارتینێزی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڵجیكاش لێیانەوە فێر بووم ئەگەر هات و لە داهاتوودا بوومە ڕاهێنەر ئەوا سوود لە هەموو ئەو شتانە دەبینم كە فێریان كردووم، بەڵام جیاوازی شێواز هەیە بۆ نموونە سیمیۆنی زیاتر بەرگری دەكرد و فشاری دەخستە سەر نێوەندی یاریگا زیدان بە پێچەوانەوە لە دواوە دەست پێ‌ دەكات تا دەگاتە ناوچەی سزای یانەی بەرامبەر ئیتر هەر یەكە و بە شێوەیەكە).

دواتر پرسیاری سەبارەت بە میسی و ڕۆناڵدۆ ئاراستە كرا لە وەڵامدا وتی: (ئەوە شتێكی ڕاست نییە میسی و ڕۆناڵدۆ دوو یاریزانی دوو هەسارەی جیاوازن و زۆر دوورن لە یەكەوە هەردووكیشیان ناوازەن و باشترینن ئەگەر ڕۆناڵدۆ خێرا و بەهێز یاری بكات ئەوا میسی لە 2 مەتردا 4 بۆ 5 یاریزان بە ئاسانی دەبڕێت من چێژیان لێ‌ دەبینم و بەردەوامیش خۆشحاڵم بەرامبەریان یاری بكەم هیوادارم هەموانیش چێژ لەو دوو ئەفسانەیە وەربگرن پێش ئەوەی واز بهێنن و بیریان بكەین).

هەر سەبارەت بە میسی و مانەوەی لە بەرشەلۆنە پرسیاری ئاراستە كرا و ئەو گۆڵچییە 2 مەتر باڵایە وتی: (لالیگا باشترینە و ژینگەیەكی لە بارە بۆ باشترەكان ئێ میسی خۆشی باشترینە ئیتر مانەوەی لە لالیگا واتا چێژ و خۆشییەكی لە ڕادەبەدەر بۆیە من هیواخوازم بەرشەلۆنە جێ‌ نەهێڵێت، چونكە ئەو لە یەكێك لە یانە مەزنەكانی جیهانە).

لە كۆتاییشدا لە بارەی ئیدن هازاردی هاونیشتمانییەوە وتی: (هەمووان دەزانین هازارد بە هۆی پێكانەوە زۆر لە یاریگاكان و ئاستە مەزنەكەی دووركەوتەوە، بەڵام من دڵنیام و هەموان دڵنیا دەكەمەوە كە ئەو وەك بۆمبێك دەتەقێتەوە و مەزنترین ئاستی خۆی پێشكەش دەكات لە داهاتوودا بە هیوام گەڕانەوەشی لە كلاسیكۆوە بێت).

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا