پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ 192 کەسیان بەتۆمەتی تیرۆر و 478 کەسیشیان بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
ئەبو عەلی بەسری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووە: “بەهۆی هەوڵەکانی لەناوبردنی تیرۆر و دەستگیرکردنی ئەندامانیان، عێراق رۆڵی گەورەی لەسەر وڵاتانی جیهان و ئاسایشیان هەیە، تەنیا ئەم ساڵ 192 تۆمەتبار بە تیرۆر دەستگیرکراون.”
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بە دەستگیرکردنی گرووپێکی چەکداری داعش لە سلێمانی دەکات و دەڵێت، “لە یەکێک لە ئۆپەراسیۆنە جۆرییەکاندا شانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەڕاسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی 21 کەس دەستگیرکراوە کە بەپێی حوکمەکانی مادەی چواری یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە، یەکێک لەوانەی لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرکرا بەرپرسێکی ئەمنیی ویلایەتی فەلوجەی داعش بووە، یەکێکی دیکەیان یاریدەدەری کارگێڕیی ویلایەتی دیجلە بووە”.
باسی لە دەستگیرکردنی ئەبو هاجەریش کردووە کە بە “یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکان” ناوی بردووە و هەڕەشەی لە دانیشتووانی قەزای تارمییەی بەغدا کردووە.
لەبارەی هەڕەشە و هەراسانکردن لە رێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە، ئەبو عەلی بەسری، وتوویەتی ئەم ساڵ 600 کەسیان بە تۆمەتی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەستگیرکردووە. هەروەها 478 بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.