پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ماڵپەری شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 13 ملیار دینارە. بەراورد بە هەفتەی رابردوو، داهاتی ئەو سنوورە بەڕێژەی %50.67 دابەزیووە.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێریکردن و رێخکستنەوەی داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین دەرکەوتووە داهاتی ئەم هەفتەیەی ئەو سنوورانە لە رۆژی 3 تاکو 9ـی ئاب 12 ملیار و 658 ملیۆن دینار بووە.
لەو بڕە پارەیەش %85ـی کە دەکاتە 10 ملیار و 744 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە بووە. سەدا 12ـش بەشێوە چەک بووە کە بڕەکەی 1 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە. پارەی پاکتاوکراویش (مقاسە) سەدا 3ـی کۆی داهاتی ئەم هەفتەیە پێکدەهێنێت کە بڕەکەی 392 ملیۆن و 639 هەزار دینارە.
بەگوێرەی شەفافیەت، داهاتی ئەم هەفتەیەی ئەو سنوورانە بەراورد بە هەفتەی رابردوو %50.67 و 13 ملیار و 5 ملیۆن دینار دابەزیووە. بەو پێیەی داهاتی هەفتەی رابردووی ئەو شوێنانە لە 27ـی تەممووز تاکو 2ـی ئاب 25 ملیار و 663 ملیۆن و 884 هەزار دینار بووە.
ئەو داهاتانە لە گەنجینەکانی 1 و 2، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەرمیان، هەڵەبجە و گەنجینەی راپەڕینە و 28 وەزارەت و دەستە و 109 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین دەگرێتەوە.
پێگەی شەفافیەت لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی داهاتەکانی پارێزگای سلێمانی دامەزرا. ئێستا رۆژانە دەتوانیت سات بە سات لە رێگەی سایتی شەفافیەت، داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ببینیت.