پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پزیشکێکی پسپۆڕ لە بواری شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، بەشێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بریتییە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە و خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان. هەروەها دەشڵێت دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە قۆناغی یەکەم و دووەمی نەخۆشییەکەدا، ئەگەری چارەسەرکردنی لەماوەی 5 ساڵی یەکەمدا %95 بۆ %100ـە.
یاد حەمید، پسپۆڕی پزیشکی دەرمانساز بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، ژمارەیەک هۆکار هەن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە زیاد دەکەن، لەوانە؛ کێشانی هەموو جۆرەکانی دووکەڵ بە جگەرە، نێرگەلە، خواردنەوە کحوولییەکان، بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر وخواردنی ئەو خۆراکانەی لە قتونراون و ماددەی پارێزەریان تێکراوە.
بە وتەی ئەو پزیشکە، قەڵەوی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە و پیسبوونی ژینگە و بەکارهێنانی هۆڕمۆن و تووشبوون بە هەندێک لە ڤایرۆسەکان، هۆکاری دیکەن توشبوونن بە نەخۆشیی شێرپەنجە.
لەبارەی نیشەکانەوە، ئەو پزیشکە ئەوەی خستەڕوو، لە ئەگەری دەرکەوتنی یەکێک لەم نیشانانە، کەسی چارەخواز پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بکات و پشکنین بۆ جەستەی بکات:
- دابەزینی کێش لە ماوەیەکی کەمدا و بەبێ بەکارهێنانی هیچ بەرنامەیەکی خۆراک یاخوود وەرزشکردن
- دەردانی ئارەقە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش لە شەواندا
- بوونی کۆکەی بەردەوام و هەندێک جار بوونی خوێن لە بەڵغەمدا نیشانەن بۆ شێرپەنجەی سییەکان
- قووتدانی خۆراک بەشێوەکەی نارەحەت و گران
- بوونی خوێن لەناو میزدا
- بوونی گرێ لە جەستەدا، “زۆر جار گرێکان دەکرێت چەوری بن بۆیە باشترە لەهەموو حاڵەتێکدا نەخۆش سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ دڵنیابوونەوە”
- شینبوونەوەی پێست بە هۆکاری سادە و هەستکردن بەوەی لەژێر شوێنی شینبوونەوەکە خوێن هەیە
- سەرئێشەی بەردەوام، کێشەی بینین و بوورانەوە
لەبارەی چارەسەرەکانەوە، دکتۆر یاد حەمید ئاماژەی بەوەدا، “لە سێ حاڵەتێکی توشبوونی نەخۆشی شێرپەنجە، حالەتێک دەتوانێت رێگری لێبکرێت و چارەسەر بکرێت. خۆ پاراستنیش زۆر گرنگە، و چارەسەریش بۆ نەخۆشییەکە هەیە بەڵام دەکەوێتە سەر ئەوەی نەخۆشەکە لە چی قۆناغێکیدایە و لە چ کاتێکدا هەست بە نەخۆشییەکە کراوە”. بە وتەی ئەو، تا لە قۆناغەکانی سەرەتادا نەخۆشەکە دەستنیشان بکرێت چارەسەرەکانی ئاسانتر و کاریگەرتر دەبن.
هەروەها زیادیشکیرد، “قۆناغەکانی دەستنیشانکردن بۆ چارەسەر گرنگە ئەگەر لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت، لە پێنج ساڵی یەکەمی چارەسەردا بە ئەگەری %95 بۆ %100 چاک دەبنەوە. چارسەری شێرپەنجە کەوتوەتە سەر زوو دەستنیشانکردنی”.
رێنمایی هاوڵاتییانیش دەکات کە باشترە لە هەموو حاڵەتێکدا لە هەموو کاتێکدا سەرانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و لەکاتی بوونی هەر یەکێک لە نیشانەکان، پشتگوێ نەخرێت و پشکنین ئەنجام بدات.