پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بەناوی ”هاوسەرگیرییەوە پەیوەندی لەگەڵ چەند ژنێک بەستووە” و دواتر لەبەرامبەر پارە و ئاڵتوون هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێکردوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 07-08-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە چاودێری خرایە سەر كەسێك بەگومانی ئەوەی كە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لەژنان دەكات، پاش لێكۆڵینەوەكان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن یەکێک لەژنەکانەوە كە لەبەرامبەر پێدانی بڕێك پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێكردووە، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر موبایلی تایبەتی تۆمەتباردا.
بەگوێرەی پۆلیس، ئەو کەسە لەدایکبووی 1974ە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن راگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە لەژێر ناوی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی پەیوەندی لەگەڵ چەند ژنێک دروستكردووەو هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لێكردون، ئەگەر پارەو ئاڵتونی نەدەنێ.