پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەرپرسێکی پنتاگۆن ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق 5 سەرباز و 2 بەڵێندەری ئەمریکی بریندار بوون.
دوو سەرچاوەی ئەمنیی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە دوو مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کراوە و یەکێک لە مووشەکەکان لەناو بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوە ئەمریکییانەی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەیان کردووە و رایانگەیاندووە کە یەکێک لە سەربازە ئەمریکییەکان بە سەختی بریندار بووە. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەدا 5 سەرباز و دوو بەڵێندەری ئەمریکی برینداربوون.
جیا لەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پاش هێرشەکان بڵاویکردەوە، “وەزیر ئۆستن و هاوتا ئیسرائیلییەکەی، گالانت، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئەو هێرشە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە ئێرانەوە کراونەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد و کارمەندانی سەربازیی ئەمریکی” جەختیشیان لەوەکردەوە کە ”هێرشەکە ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنێکی مەترسییدار دۆخی ناوچەکە و عێراق بەرەو نا سەقامگیری دەبات”.