پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەیان دەڵێت، تانە لە بڕیارەكە دەدەن چونكە بڕیارێکی تەواو سیاسییەو لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە پارتەكانی (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی)، تەڤگەریی ئازادی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، لەوبارەیەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا تارا حسێن، هاوسەرۆكی گشتیی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکمان بینی، کە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسی، لە ناویشیاندا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لە کاتێکدا لە 17ـی 10ـی 2014وە، تەڤگەری ئازادیی دامەزراوە و کار و خەباتی مەدەنییانەی بەڕێوەبردوە، هەروەها لە دامەزراوەی کاروباری سیاسی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتوە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بوین.
وتیشی: پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە هیچ ئاگادارکردنەوەو هۆشدارییەکمان بۆ نەهاتوە، وەک دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی، کە دۆسییەیەکی سیاسیی لە دژمان کرابێتەوە و مافی بەرگریکردن لە خۆمان پێ درابێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و پێمانوایە ئەم بڕیارە یاسایی نییە و بە پێشێلکاری گەورەی سیاسیی و یاسایی لە قەڵەمی دەدەین، بۆ ئەمانەش بەڵگەمان هەیە و هیچ بەڵگەیەک لە دژمان نییە.
لە کۆتاییشدا داوای لە هەمو هێزە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێم كرد کە ئەم پڕۆسەیە مەترسیدارە و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری سیاسییە و داواکارین هەموان هەڵوێستیان هەبێت و بەدواداچونێکی وردی بۆ بکەن، چونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.