پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە، گرووپێک بەناوی هەلی کار و قازانج و کۆمپانیای بیانییەوە لە رێگەی وەتسئەپەوە پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە دەکەن و دوای دەستبەسەرداگرتنی ژمارەکەی، داوای پارەی لێدەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 06-08-2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی نامەناردنی گرووپێکەوە بە ژمارە و ناوی جیاواز لە تۆڕی وەستئەپ رایگەیاند، “ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەینەوە چەند ژمارە مۆبایلێکی وڵاتانی بیانی بە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (وەتسئەپ) بەناوی هەلی کار و قازانجکردن و کۆمپانیای بیانییەوە کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان دەنێرن، دوای ئەوەی کە لەگەڵیان دەکەونە پەیوەندی، داوای ژمارەی نهێنی /کۆد لەو کەسە دەکەن کە بۆ ژمارەی وەتسئەپەکە رەوانە کراوە، لەگەڵ پێدانی ئەو ژمارە نهێنییە/کۆدە، راستەوخۆ دەست بەسەر سەرجەم هەژمارەکانتدا دەگرن کە لەسەر ژمارە مۆبایلەکەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانراون”.
ئاساشی هەولێر باس لەوەش دەکات “دواتر لە بەرامبەر گەڕانەوەی هەژمارەکەتدا داوای بڕێکی زۆر پارە دەکەن،” داوش لە هاوڵاتییان دەکات بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو جۆرە پەیوەندییانە نەدەنەوە و “هەر ژمارەیەکی نهێنی/کۆدێک، بۆ ژمارە مۆبایلەکەتان هات، دەبێت بۆ کەس رەوانە نەکرێتەوە، بۆئەوەی هەژمارەکانتان پارێزراو بێت”.