پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بە ھەزاران زیندانی لە عێراق چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتین لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئازادبوونیان، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیش ھۆشداری لە ئازادبوونی تیرۆریستان و گەندەڵکاران دەدەن لەڕێگەی یاساکەوە.
سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، چەند لایەنێکی سیاسی کار بۆ بۆمبڕێژکردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەویش بە زیادکردنی چەند بڕگەیەک بۆ یاساکە کە ڕێگە بە ئازادکردنی بەشێک لە تیرۆریستان و گەندەڵکاران دەدات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕگەکانی ناو پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی ناڕونن و بەوھۆیەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی دژایەتی دەکرێت، پەسەندکردنیشی بەو شێوەیەی ئێستای، کاریگەری نەرێنی سیاسی لەسەر سودانی و چوارچێوەی ھەماھەنگی دەبێت.
ھاوکات، محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی ڕایگەیاند، پرۆژەیاسایی لێبوردنی گشتی بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی پێشوەختە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندناکرێت، سەرەڕای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و چەند لایەنێک پەسەندکردنیان پەیوەستکردووە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسایی باری کەسێتی.