پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پارێزگاری هەولێر بڕیاری راگرتنی کارکردنی 138 پاڵاوگەی ‘نایاسایی’ لە سنووری هەولێر دەرکرد و خاوەن بەنزینخانەیەکیش دەڵێت بڕیارەکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت و بەنزین نابێت.
خاوەن بەنزیخانەیەک لە شاری هەولێر بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی ئەو 138 پاڵاوگە نایاساییەی سنووری شاری هەولێر کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین و نەوتی ماڵان نابێت چونکە “هیچ کام لەو پاڵاوگانە نەوتی ماڵان و بەنزین بەرهەمناهێنن”.
وتیشی، هاتنی وەرزی زستان و هاوین کاریگەری لەسەر نرخی بازاڕ نابێت. بە وتەی ئەو، “کاتی وا هەبووە نرخی نەوت لە هاویندا گرانتر بووە لە زستان”.
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە وەرزی هاویندا ئەو خاوەن بەنزینخانەیە ووتی، “بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندیی بە داخستنی پاڵاوگەکان نییە. بابەتەکە تەنها خواست و خستنەڕووە و لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر بەکارهێنانی بەنزین زیاتر دەبێت”.
رۆژی یەکشەممە (04-08-2024)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند: “بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و ئاووهەوای هەولێر، چەند ڕێگەیەک دەگیرێنە بەر”. یەکێک لەو رێکارانە / داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگاى هەولێر و پێدانی 10 رۆژ مۆڵەت بوو بەو پاڵاوگانهی یاسایین بۆ ئەوەی مەرجەکانى پاراستنى ژینگە جێبەجێ بکەن، “به پێچهوانهوه رێكاری یاساییان لەبهرامبهردا دهگیرێته بهر”.