پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دەسەڵاتدارانى ئێران، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانیان لە رووداوى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە و ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانەى روویانداوە، 20 بەرپرس و کارمەندیان دەستگیرکردووە و گۆڕانکاریان لە پرۆتۆکۆڵى پاراستنى بەرپرسانى باڵادا کردووە.
رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى لە زارى بەرپرسانى ئێرانەوە ئاشکرایکردووە، ئێران لێکۆڵینەوەى چڕ و فراوانى لە رووداوى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى حەماس و پێشێلکارییە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان کە بوونە هۆى کوشتنى هەنییە دەستپێکردووە و 20 ئەفسەرى هەواڵگریی و کارمەندى کۆشکى میوانداری لە باکوورى تاران دەستگیرکراون.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رۆژنامەکە، حکومەتى ئێران لە دوو رۆژى رابردوودا گۆڕانکاریى لە پرۆتۆکۆڵى ئاسایشى بەرپرسانى باڵا کردووە.
هاوکات چەند سەرچاوەیەک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئێران بە رۆژنامەى نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، ئیسماعیل هەنییە، لە ئەنجامى تەقینەوەى بۆمبەوە کوژراوە کە دوو مانگ پێشتر لە ژوورەکەیدا چێنراوە.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى حەماس، بەرەبەیانى رۆژى چوارشەممە دواى بەشداریى لە رێورەسمى سوێندخواردنى مەسعود پزیشکیان لە شوێنى مانەوەى لە باکوورى تاران کوژرا و رۆژى هەینى تەرمەکەى لە دەوحەى پایتەختى قەتەر بەخاکسپێردرا.