دە ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی تێپەڕدەبێت

پۆڵەتیک پرێس

لە مانگەکانی هاوینی ساڵی 2014، ئێزدی و کریستیانەکانی موسڵ و شەنگال، هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی سەر بە ئاینە جیاجیاکانی دیکەی کوردستان و عێراق، رووبەرووی دڕندەترین هێزی سەردەم بوونەوە. داعش بە تەواوی هێزەکەیەوە پاش کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ پەلاماری ناوچەی شنگالی دا و کارەساتی سڕینەوەی ناسنامەی لەو ناوچەیەدا نایەوە.

لەگەڵ کەوتنی موسڵ و پەلاماردانی شنگال، ئێزدیەکانی موسڵ و شەنگال، هیچ چارەیەکی دیکەیان بۆ نەماوە- جگە لە بەجێهێشتنی زێدی باوباپیرانیان. نزیکەی 400 هەزار هاونیشتیمانیی کوردی ئێزدی پەنایان بردە بەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، هەندێکیشیان چوونە ئەووروپا و وڵاتانی رۆژئاوا.

بەشیکی دیکە لەوان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە دەست داعش، روویان لە چیای شنگال کرد، بەو ئومێدەی چیاکە ببێتە پەناگەیەک بۆیان. ئەوانەی نەیاتنوانی رابکەن لە دەست داعش، رووبەڕووی هێرشێکی دڕاندانەی ئەو گرووپە بوونەوە، بەشێکی زۆریان لێ کوژرا و بەشێکی دیکەیان بە زیندوویی کەوتنە دەست داعش و لە بازاڕەکانی رەققە و مووسڵ کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا.

ئیزدییەکان کێن؟

ئێزدییەکان کەمینەیەکی رەسەنی میزۆپۆتامیان و بە رەگەز کوردن. بیروباوەڕی ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەشێک لەو خاسییەتانەی ئایینی ئێزدییان وەک ئایینێکی یەکتاپەرستیی کۆنی ناوچەکە مێژوویەکی دێرینی هەیە. بەڵام کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەت لە ئایینەکانی دیکەی جیادەکاتەوە لەوانە شێوازی نوێژکردن و پاڕانەوە و بەجێهێناننی رێورەسمە ئایینییەکانە و باوەڕبوون بە زیندووبوونەوە لە جەستەیەکی دیکەدا (دۆنادۆن) و رۆڵی فریشتەی تاووسی مەلەک وەک نێردراوی خوداوەندی ئێزدی.

ئێزدییەکان لە مێژووی خۆیاندا زیاتر لە 70 جار رووبەڕووی جینۆساید و کوشتن و بڕین بوونەتەوە، هەڵکەوتەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئێزدییەکان کە ناوچەی شنگالە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە بەردەوام لە مێژوودا هەڕەشە و مەترسیی لەسەر ئەو کەمینەیە بووە و هەوڵدراوە بسردرێنەوە. ئێزدییەکانیش بۆ پاراستنی خۆیان روویان لە ناوچە شاخاوییەکانی شنگال کردووە.

چیای شنگال نەبووە پەناگەیەک بۆ پاراستنی گیانی ئەوان. هەروەها رێگر نەبوو لەبەردەم روونەدانی کارەساتی مرۆیی و جینۆساید دژ بە کوردانی ئێزدی و کریستیانەکانی مووسڵ. بەپێی زانیاریەکان لە ماوەی کەمتر لە چەند رۆژێک لە کەوتنی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەستی داعش، نزیکەی 10 هەزار کوردی ئێزدی کوژران و 6 هەزار ژن و منداڵی ئێزدی بە زیندوویی کەوتنە دەست داعش و رفێندران و بە دیل گیران. ئەمە جگە لەوەی کە تا ئێستا چارەنووسی 2 هەزار هاوڵاتیی ئێزدی بە نادیاری ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی سەنتەری رێگریکردن لە روودانی تاوانی کۆمەڵکوژیی مۆزەخانەی هۆلۆکۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داعش بەشێوەیەکی سیستماتیک تاوانەکانی کوشتن و لەناوبردنی بەکۆمەڵ و رفاندنی ئێزدیەکانی شەنگالی ئەنجام داوە. راپۆرتەکە لە کۆتاییدا ئەوە دەخاتە روو کە ‘رێکخراوی تیرۆرستی داعش تاوانی جینۆسایدی دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجام داوە’.

داعش تەنها بە ئازاردان و ئەشکەنجەدانی کوردانی ئێزدی و ئاینی ئێزدی نەوەستا، بەڵکو ئاشووریە کریستیانەکان، سائیبە مەندائیەکان، موسوڵمانانی شەبەک، کاکەییەکانیش بەدەر نەبوون لەم کۆمەڵکوژی و کوشت و بڕینە.

گەمارۆدانی چیای شەنگال و هەوڵەکان بۆ وەستاندنی نەزیفێکی نەتەوەیی کورد

پاش کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014، و لە رۆژەکانی سەرەتای مانگی ئابی هەمان ساڵ، داعش هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر ئەو ئاوارانەی لە ترسی گیانی خۆیان پەنایان بۆ چیای شەنگال هێنابوو. بەپێی راپۆرتەکەی سەنتەری رووبەرووبونەوەی تاوانی جینۆساید؛ نزیکەی 400 هەزار ئێزدی ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشت و روویان کردە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی وەک سوریا و ئێران. بەڵام زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی ئێزدی دیکە، نەیانتوانی سنووری شەنگال تێپەڕێنن و لە چیای شەنگال لەلایەن داعشەوە ئابڵوقە دران.

لە 7ی ئابی ساڵی 2014، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە شەنگال دەرکرد، بەو هیوایەی کە رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ. پاش ماوەیەکی کەم لە هێرشە ئاسمانییەکان، ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەکانیەوە هاوکاری پێویستی خۆراکی و تەندروستی گایاندە دەیان هەزار ئێزدی، کە لەسەر چیای شەنگال ئابڵوقەدرابوون.

هێزە کوردیەکان بە هاوکاری بۆردوومانی بەردەوامی فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، توانیان رێگەیەکی رزگاربوون بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیی ئێزدی سەر چیای شەنگال بکەنەوە و رزگاریان بکەن لە مەتریسیەکی حەتمیی جینۆساید. بەڵام بەپێی ئامارەکان سەدان هاونیشتیمانییئێزدی بەهۆی برسێتی و تینوێتی و شەکەتبوون گیانیان لەدەست دا.

لە شاییەوە بۆ شین؛ کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ

گوندی کۆچۆ دەکەوێتە باشووری قەزای شەنگالەوە پێش هاتنی داعش نزیكەی 220 خێزانی تێدا دەژیا و دانیشتوانەکەی 1700 کەس بوون، چیرۆکی گوندەکە بووەتە یەکێک لە سمبوولەکانی ئێزدییەکان.

لە سەرەتای مانگی ئاب، ساڵی 2014 داعش گەیشتە شەنگال و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی ئاوارە بوون و هەندێکیان پەنایان بردە بەر چیای شەنگال؛ بەڵام هەندێکیشیان نەیانتوانی رابکەن و داعش گەیشتە گوندی کۆچۆ. ئەو گوندەی ئێستا بووە بە سیمبولی ئازار و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان.

زیاتر لە هەزار کەس لەم گوندە کەوتنە دەستی داعش، و رزگاربووەکان باس لەوە دەکەن کە چۆن پێش کوشتنی پیاوەکان “جل و بەرگ و کەلوپەلە بەنرخەکانیان لەبەر دادەکەندن”.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 400 پیاوی گوندەکە کوژران و هەزاران ژنیش بەدی گیران.

ئەم گوندە شوێنی ئاهەنگ و خۆشی دەربڕینی ئێزدیەکان بوو، کە ئێستا تەرخانکراوە بۆ گۆڕستانی رووفاتی ئێزدیەکان.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا