یەكێتیی: راکردنی هێزی پارتی فەرمانڕەوا لە شەنگال دەرفەتی بەرەنگاری و پارێزگاری کەمکردەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی دە ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە: “دەساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تێپەڕ دەبێ کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا، هەروەها هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان، قەرەبووی زیانلێكەوتوان و  لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە”.

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشدا هاتووە: “بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی  بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە”.

دەقی پەیامەکە:

دەساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تێپەڕ دەبێ کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا ، دژ بە هاونیشتمانیانی ئێزدی و دژ بە نیشتەنی ژیان و شارستانی لە مێژینەیان لە شەنگال و دەوروبەری.

فەرمانی قەتل و عامی داعشیانە هەزاران هەزار کەسی ئێزدی کردە قوربانی و  سەدان لە کچانی و ژنانی سەربەرز و رووسووری وڵاتەکەمانی بە کۆیلە و کەنیزەک برد.

بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی  بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە.  یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی  رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە ولێقەوماوان دروست کرد بۆ بەرگرتن لەو  نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوی لە توانادایە.

دوای پرۆسەی  رزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعشدا ، هەوڵەكانی یەكێتیی لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدرال  و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندووان، قەرەبووی زیانلێكەوتوان و  لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە .

لەم یادەدا ، وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس، خاوەندارێتی مۆڕاڵی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی ، نیشمانیی  و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شەنگال دووپات دەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و  دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.

یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەردەوامی بەرەنگاری و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.

درود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی جینوسایدی شەنگال و سەرجەم قوربانیان و شەهیدانی گەلی کوردستان و عێراق.

مەكتەبی  سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

٣-٨-٢٠٢٤

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا