پۆڵەتیك: سپۆڕت
نەیمار جونیۆر داسێلڤا هێرشبەری ناوازەی هەڵبژاردەی سامبای بەرازیل و یانەی پاریس سانت جێرمانی فەڕەنسی ڕۆژ بە ڕۆژ زێڕینتر مێژووی خۆی تۆمار دەكات لە ڕیزی هەڵبژاردەی سلیساوی بەرازیل دا.
بەو 3 گۆڵ و هاتریكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ نەیمار تۆماری كرد بەرامبەر بە هەڵبژاردەی پیرۆ ئیتر ئەو یاریزانە توانی پلەی دووەمی گۆڵكارانی مێژوویی تۆپی پێی وڵاتی بەرازیل لە ڕۆناڵدۆ لویس نازالۆ دالیما وەربگرێت و مەترسی بۆ مێژووی گۆڵەكانی گەوهەرە ڕەشەكەی بەرازیلیش دروست بكات بەو پێیەی پیلێ تا ئێستا پێشەنگی گۆڵكارانی مێژووی هەڵبژاردەی بەرازیلە بە تۆمار كردنی 77 گۆڵ لە كاتێكدا لە ئێستادا نەیمار خاوەنی 64 گۆڵە و بە 13 گۆڵی تر لەگەڵ پیلێ ژمارەی گۆڵەكانی هاوتا دەكاتەوە.
بە تۆمار كردنی گۆڵی یەكەمی كە لە ڕێی پیناڵتییەوە بوو نیمۆ ژمارەی گۆڵەكانی كردە 62 گۆڵ هاوتا بۆوە لەگەڵ ڕۆناڵدۆی فینۆمینۆ و دواتر دوو گۆڵی تری كرد ئیتر ڕۆناڵدۆی جێهێشت و بووە خاوەنی 64 گۆڵ.
لای خۆشییەوە تیتێ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل سەبارەت بە ئاست و گۆڵەكانی نەیمار وتی: (ئەو یاریزانێكە لە هیچەوە زۆر شت دروست دەكات یاریزانێكی سەردەمیانەیە هێشتا ماویشێتی گەورەتر ببێت ئەو یاریزانێكی ناوازەیە گوناحەیەكی گەورەشە لەگەڵ یاریزانە مێژووییەكانی تری بەرازیل هاوتای بكەنەوە ئەو لەم سەردەمەدا ناوازەترینە ئەوانیش لە سەردەم و ڕۆگاری خۆیاندا ناوازە بوون).
دانەر ئەسڵان