ئیسماعیل هەنییە لە ئێران کوژرا

پۆڵەتیک پرێس

حەماس کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران راگەیاند.

بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە “ئیسماعیل هەنییە لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە هێرشیکراوەتە سەر و کوژراوە”.

کوژرانی هەنییە لەکاتێکدابوو، ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوە فەڵەستینییەکە بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تارانی پایتەخت بووە.

تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی کوژرانی هەنییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە، ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن، لە رێگەی درۆنی خۆکوژییەوە شوێنی حەوانەوەی ئەو سەرکردەیەی حەماس بەئامانجگیرابێت.

لە هێرشە ئاسمانییەکەدا جگە لە ئیسماعیل هەنییە، پاسەوانێکشی کوژراوە.

بزووتنەوەی حەماس لەبەیاننامەیەکدا کوژرانی سەرکردەکەیان پشتڕاستدەکاتەوە و بەڵێنی “تۆڵەکردنەوە” لە “قەوارەی زایۆنی” دەدات.

تا ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێكی لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە، بەڵام ئاماژەکان راستەوخۆ بۆ ئەوە دەچن هەنییە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئامانجگیرابێت، بەوپێیەی پاش هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، ئەو وڵاتە بەردەوام سوێندی ”تۆڵەکردنەوە”ی لە حەماس و سەرکردەکانی دەدا.

رووداوی کوژرانی هەنییە لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ سێشەممە لە هێرشێکی ئاسمانییدا بۆسەر بەیرووتی پایتەختی لووبنان سێ کەس کوژران. ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، فوئاد شکور، سەرکردەیەکی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.

ئیسماعیل هەنییە لەنێوان ساڵانی 2013-2017 سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین بووە لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس هەڵبژێردراوە و لەوکاتەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا