ئەنجوومەنی خۆسەری شنگال هەوڵی شكستپێهێنانی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا دەدات

پۆڵەتیك پرێس:
ئەنجوومەنی خۆسەری شنگال هەوڵی شكستپێهێنانی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان دەدات‌و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێك دەنێرێتە شاری بەغدا.

شاندەكە رۆژی چوار شەممە چوونەتە بەغداو بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆببنەوەو گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بكەن، لەسەر دۆسییەی شنگال.

لەو بارەوە حەسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی خۆبەرێوبەری شەنگال بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئامانجی چوونی شاندی شنگال بۆ رەتكردنەوەو قبووڵنەكردنی ئەو رێككەوتنەی نێوان حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

جێگری هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی خۆبەرێوبەری شنگال وتیشی،:ئەگەر رێكەوتنێك پێویست بێت ئەنجام بدرێت دەبێت لەبارەی دادگای كردنی ئەو كەس و لایەنانەوە بێت، كە لە ٢٠١٤ شنگالیان تەسلیمی داعش كرد، نەك شێواندنی ئارامی ئێستای شنگال.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە مێژووی شنگال هەتا ئەمڕۆ شنگال ئارامی وەك ئێستای بەخۆیەوە نەبینیوە، چونكە ئێستا شنگال لەلایەن شنگالییەكان و كچان و كورانی شنگالەوە دەپارێزرێت.

رۆژی نۆی ئەم مانگە حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان رێككەوتن، بەپێی رێككەوتنەكەش سەرجەم هێزەكانی دەرەوەی سوپای عێراق لەشنگال دەردەكرێن، ئەوەمەش ناڕازایی چەند لایەنێكی ناو شنگالی لێكەوتووەتەوە.

حەسۆ ئیبراهیم، باسی لەوەش كرد شنگالییەكان ئاشتی خوازن و بانگەوازی شەر ناكەن، بەڵام تا دوا دڵۆپی خوێنیان پارێزگاری لە ئێستای شنگال دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا