“ئاژەڵە به‌ره‌ڵاكان سیمای شاریان ناشرین کردووە”

پۆلەتیک پرێس: محەمەد باڵەك
رۆژانە لەبەشی زۆری کوچەو کۆڵانەکان و شەقامە گشتیەکانی شاری سۆران چەندین ئاژەڵی بەرەڵای وەک مانگا و ئەسپ و سەگ دەبینرێت، ئەمەش بۆتە ماییەی ترس و بێزاری هاووڵاتییان و ناشرین کردنی سیمای شار، ئەوان داوا لەلایەنی پەیوەندی دار دەکەن، ئاژەڵە بەرەڵاکان بگرن و خاوەنەکانیان سزا بدەن.

ئیبراهیم جەمیل هاووڵاتییه‌كی دانیشتوی شاری سۆرانە و بۆ پۆلەتیک پرێس وتی: “ئەو ئاژەڵانە تەواو بێزاریان کردوین و سیمای شارییان تێکداوە، هەرکاتێک دێیتە دەرەوە، هەست ناکەیت لەناو شاردا دەژیت، هەر وا ئەزانی لەلادێکانی، بۆیە داوامان لە شارەوانی ئەوەیە، ئاژەڵە بەرەڵاکان بگرێت و خاوەنەکانی سزابدات”.

ناسکە ئەنوەر ئافرەتێکی تری دانیشتوی شاری سۆرانە، ئه‌و بۆ پۆڵه‌تیك پرێس باسی له‌و دیارده‌یه‌ كرد و وتی، “بەشێکی گەڕەک و کۆڵانەکان پڕیەتی لەچێڵ شەوانە ئەم ئاژەڵانە بەکۆڵانەکان ئەسوڕێنەوە، بەیانیان بەشی زۆری بەر دەرگاکان پڕ ئەبێت لە زبڵ و خاشاکی ناو ئەم زبڵدانانە، کە ئاژەڵەکان دەیڕێژن”.

ناسکە ده‌شڵێت: “کاری شارەوانی دەستگیر کردنی ئەم ئاژەڵانەیە، تێناگم ئەم هەموو ئاژەڵە شەو ڕۆژ چی دەکات لەناو شار، بۆیە خوازیارین، ئەم دیاردەیە نەمێنێت”.

هەرچەندە چەندین جار شارەوانی سۆران هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو ئاژەڵانەی دەستپێکردوەو خاوەنەکانیان سزادراون و سەگە بێلانه‌كان دەستیرکراون و دورخراونەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا ئەم دیاردە بنه‌بڕ نەکراوە.

دایکی محەمەد ئافره‌تێكی دیكه‌یه‌ كه‌ بێزاره‌ له‌و دیارده‌یه‌ و ده‌ڵێت، مناڵەکەم پۆلی دووی سەرەتاییە، یەکەم رۆژی چونە قوتابخانەی سەگ ڕاوی نابوو، لەترسا کەوتبو بەزەویداو دەستو قاچی روشابوو، ئێستا تا بەردەرگای قوتابخانە، باوکی لەگەڵی دەڕوات، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، ئەم سەگە بەرەڵایانە لەناو شار دوربخرێنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا