پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا رایدەگەیێنێت، کۆمپانیاکە لە ساڵی داهاتووەوە دەستدەکات بە بەکارهێنانی مرۆڤی رۆبۆتی لە راییکردنی کارەکانی کارگەکانیان. هەروەها راشیگەیاند، ئەگەر بەرهەمهێنان زۆربێت، لە ساڵی 2026 ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن بە کۆمپانیاکان.
ئیلۆن مەسک کە خاوەن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تێسلایە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، کۆمپانیاکەیان ساڵی داهاتوو دەستدەکات بە بەکارهێنانی مرۆڤی رۆبۆتی لەو کارانەی کە قورس و دژوارن لە کارگەکانی کۆمپانیای تێسلا.
ئەوەشی راگەیاندووە، پێشبینی دەکەن بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە رۆبۆتە لە ساڵی 2026 زیاتر بکەن و بەشێوەیەک کە بتواندرێت بفرۆشرێت بە کۆمپانیاکانی دیکە و لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی گشتییدا سوودی لێوەربگیرێت.
ئەو رۆبۆتەی مەسک باسی لێوەدەکات، ناوی ئۆپتیمس-ە و کۆمپانیای تێسلا پێشتر رایگەیاندبوو کە بۆ ئەو ئەنجامدانی ئو کارانە یارمەتیدەرە کە “بێزارکەر و دووبارەن”. رۆبۆتەکە بەرزییەکەی 170 سانتیمەترە و کێشی 56 کیلۆمگرامە. بەگوێرەی لێدوانێکی پێشووی مەسک، نرخی هەر یەکێک لەو رۆبۆتانە کەمتر دەبێت لە 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
ساڵی 2022 لە رێورەسمێکی ناساندنی بەرهەمە زیرەکەکان، نموونەیەکی رۆبۆتەکە کە ئەوکات لە قۆناغی پەرەپێداندابوو، لەسەر ستەیج نمایشکرا. رۆبۆتەکە لە جلووبەرگێکی سپیدا سەمای بۆ ئامادەبووان کرد و سڵاوی لێکردن.