عێراق داهاتی نەوتی هەرێم دەخاتە ژێردەستی خۆی

پۆڵەتیك پرێٍس:
حكومەتی عێراق بەدروستكردنی كۆمپانیایەك بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان، تەواوی داهاتەكەی دەخاتە دەست خۆی‌و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: چیتر میلیشیاكانی هەرێم ناتوانن كۆنتڕۆڵی داهاتی نەوت بكەن.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، پێشنیازی كردووە، كە كۆمپانیایەكی نیشتمانی بۆ هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم دروست بكرێت، ئەوەش بەهاوبەشی‌و هەماهەنگی هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغدا.

غالب محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو پێشنیازەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پێشنیازی دروستكردنی كۆمپانیایەك بۆ بەرهەمهێنان‌و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لەلایەن بەغداوە بە قوباد تاڵەبانی وتراوە، لەبەرانبەریشدا قوباد تاڵەبانی وتویەتی وەڵامتان دەدەینەوەو تا ئێستا هەرێم وەڵامی بەغدای نەداوەتەوە.

غالب محەمەد وتیشی: كۆمپانیاكە لەڕووی كارگێڕییەوە لەژێر دەستی بەغدا دەبێت و داهاتی نەوت دەچێتەوە ژێر دەستی بەغدا، هەرێم تەنیا لەڕووی تەكنیكییەوە كۆمپانیاكە بەڕێوە دەبات، بەوەش وردە وردە نەوت لەژێر دەستی میلیشیاكانی هەرێم دەردەهێندرێت.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی هەرێم ناڕازییە لەدروستكردنی ئەو كۆمپانیایە و بەغداش سوورە لەسەر دروستكردنی.

چەند ساڵێكە لەسەر پرسی هەناردەو فرۆشتنی نەوت لەنێوان هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغدا كێشە هەیەو بەم دوایانەش چەند هەوڵێكیان داوە ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا