پۆڵەتک پرێس
دادگای تاوانەکانی کەرخ حوکمی لەسێدارەدانی بۆ هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی پێشوو و دامەزرێنەری رێکخراوی تیرۆرستیی داعش بە تاوانی کارکردن لەگەڵ چەکدرانی گرووپە قەدەغەکراوکە و بەندکردن و راگرتینی ژنانی ئێزیدی لە ماڵەکەی خۆیدا دەرکرد.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە “ئەسما فەوزی محەمەد کەبیسی، هاوسەری ئەبووبەکر بەغدادی، سەرچەتەی پێشووی گرووپی تیرۆرستیی داعش، ئەو ژنە ئێزیدیانەی لە ماڵەکەی خۆیدا راگرتووە کە لەلایەن چەتەکانی تیرۆریستی داعشەوە لە قەزای شنگال لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا رفێندرابوون”.
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، هاوسەرەکەی بەغدادی بەگوێرەی ماددەکانی 4،2 و سێ لە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2005 لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەگوێری بڕگەکانی ماددەی 7 لە یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدی ژمارە 8ـی ساڵی 2021، سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
مانگی شووباتی رابردوو، دەسەڵاتدارانی عێراق سەرکەوتوو بوون لە وەرگرتنەوەی هاوسەر و کچی ئەبووبەکرد بەغدادی لە تورکیا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، هاوسەری یەکەمی بەغدادی لە ساڵی 2018 لە پارێزگای هاتای ئەو وڵاتە لە سەر سنووری سوریا دەستگیرکرابوو.
پاش گێڕانەوەی بۆ عێراق، بەرپرسانی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ هاوسەر و کچی بەغدادی بۆ دەستخستنی زانیاریی لەبارەی چۆنییەتی کارکردنی ئەو گرووپە قەدەغەکراوە لە عێراق و سوریا لە ماوەی ساڵانی فەرمانڕەواییەتیدا دەستپێکرد.
بە ووتەی بەرپرسانی عێراق، “هاوسەری بەغدادی زانیاریی زۆر هەستیار و گرنگی لەبارەی داعش و کارە ناوخۆییەکانییەوە درکاندووە”.
ئەسما فەوزی، هاوسەری یەکەمی ئەبووبەکر بەغدادی بووە و خاوەنی کچێک بووە لەو سەرکردەیەی داعش.
لە رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2019، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و شەرڤانانی هەسەدە، لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە نیوەی شەودا، ئەبووبەکر بەغدادی و دوو لە ژنەکانی و سێ کوڕی لەشاری ئیدیلب کوژران.
رێکخراوی تیرۆرستیی داعش پاش کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوان لە سوریا و عێراق لە ساڵی 2014، تووشی شکستی یەک لە دوای یەک لە هەردوو وڵات بوو، تا ساڵی 2019 تواندرا سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لێبسەندرێتەوە و تواناکانی پەکبخرێت.