پۆڵەتیک پرێس زانیاریی ورد لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئاشکرادەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ یەکشەممە، ماوەی زیاتر لە 90 رۆژە هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەکاتێکدایە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی بەشێک لە وەزارەت و دەستەکانی حکومەتی هەرێمی دەستیپێکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق لە وردبینیکردنی بۆ لیستی مووچەی ئەو هێزانە چەند تێبینییەکی هەبووە و داوای وەڵامی لە حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام بە ووتەی ئەو ئەندامە، “حکومەتی هەرێم وەڵامی تێبینییەکانی نەداوەتەوە” و ئەوەش بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی پارەکە.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، عەممار سوبحى مەشهەدانى، سەرۆکی دیوانی چاودێریی وەزارەتی دارایی عێراق پێی راگەیاندووم، ئەو تێبینیانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەیانبووە، دراوەتە دەست حکومەتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو تێبینیانەی نەداوەتەوە، کاتی بەڕێکردووە بۆ ئەوەی وەڵامی تێبینییەکان نەداتەوە و مووچەکە بێت.

بە ووتەی سۆران عومەر، حکومەتی هەرێم بە ناچاری و پاش زیاتر لە 90 رۆژ لە پێنەدانی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، دواجار وەڵامی ئەو تێبینیانەی دیوانی چاودێری وەزارەتی دارایی عێراقی داوەتەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ یان بەیانی شاندێکی دیوانی چاودێری درایی عێراق بێنە هەرێمی کوردستان و وەڵامی تێبینییەکانیان وەردەگرن، بەڵام 10 رۆژی دیکەیان پێویستە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی لەسەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان.

وتیشی، پاش ئامادەکردنی لیستی مووچە لەلایەن دیوانی چاودێرییەوە، لیستەکە دەدرێت بە وەزارەتی دارایی عێراق و پاش رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارەکە سەرفدەکرێت.

سۆران عومەر ئاشکرایکرد، دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانمان گەیاندە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و داوامان لێکرد کە دەستوبرد بکەن لە ناردنی مووچە چونکە حکومەتی هەرێم لەوە تێناگات کە هێزە ئەمنییەکانیش منداڵ، ژیان و پێداویستی هەیە. لە وەڵامدا سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایگەیاندووە، ئەوان لەوە تێدەگەن بەڵام دەیانەوێت بابەتی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکەوێتە سەر رێڕەوی خۆی و کێشە و گرفتەکان لە لیستەکەدا چارەسەر بکەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی پێشمەرگەی رادەستی بەغدا کردووە کە ژمارەیان زیاتر لە 300 هەزار کارمەند و ئەندامە. جگە لە کارمەندان و فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم کە بەهۆی هەستیاریی ئەو جومگەیە، حکومەتی هەرێم ئامادە نییە ناوەکانیان بداتە بەغدا، بەڵکو بە کۆد لیستی مووچەکانیان رەوانەکراوە. حکومەتی عێراق هەموو مانگێک پاش پێداچوونەوە بە لیستی ناوەکان، پرسیار و تێبینییەکانی خۆی ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات و پاش کۆتایی هاتنی پرۆسەی وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لیستەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و بە واژۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەمویلی مووچەکانیان رەوانە دەکرێت.

ماوەی زیاتر لە 90 رۆژە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە (7-7-2024)، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی بەشێک لە وەزارەت و دەستەکانی حکومەتی هەرێم کرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا