پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رۆژی پێنجشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەستگیرکردنی دوو تیرۆریست و کەسێکی دیکەی راگەیاند کە تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ.
فەرماندەییەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی گەڕان و پشکنین لە بەشی ئۆپەراسیۆن و پاش چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان، هێزێکی هاوبەش لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، توانیان ”تیرۆرستێکی داعش” لە ناوچەیەکی باشووری بەغدا دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو کەسە بە ماددەی چواری تیرۆر دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەیەوە دەستیانپێکردووە.
لە چالاکییەکی دیکەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا و بە هاوبەشی لەگەڵ یەکەیەکی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، تواندرا “تیرۆرستێکی دیکەی سەر بە شانە نوستووەکانی داعش لە بۆسەیەکدا و پاش چاودێریکردنی ورد دەستگیربکرێت”.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا ئاماژە بەوەشدەدات، تۆمەتبارێکی دیکە لە نزیک ناوچەی کەرخ دەستگیرکراوە کە تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە.