سیناریۆكەتان زۆر ناڕاست و ناشرین بو، لەم چركەساتەدا كە توركەكان تا قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان هاتون، ئێوەش هاوكات لەگەڵ هەنگاوی ناشرینی داگیركەراندا، سیناریۆی ناڕاست دروست دەكەن كە دڵنیام خۆشتان باوەڕتان پێی نیە.
برادەرانی پارتی، لە یەك هەنگاودا زۆر سەرسامم بە ئێوە، ئەو جەرائەتە چیە لە ئێوەدا هەیە وا بە ئاشكرا خەڵك و ئەندامانی خۆتان بە گێل و گەمژە بزانن و وا وابیربكەنەوە كە خەڵك و لایەنگرانتان باوەڕتان پێ دەكەن.
ئەم ڕوقایمیە چیە برادەران؟ لە هەمو دنیادا هێز و گروپ هەبون ببن بە كەواسوری بەر لەشكر و لانی كەم هێز و گروپ هەبون كە دژ بە برایانی خۆیان بن، بەڵام باوەڕناكەم لە مێژودا هێز هەبوبێت وەك ئێوە لەگەڵ ئەم هەمو برین و قەیران و نەهامەتیانەی بەسەر گەلەكەتاندا هێناوە، جورئەت بكەن بەشوێن پێی توركاندا بڕۆن و شوێن پۆستاڵەكانیان بسڕنەوە، بەوەش نەوەستن برا كوردەكانمان لە باكوری كوردستان بە سیناریۆی ناڕاست و باوەڕپێنەكراو تاوانبار بكەن.
برادەران هیچتان تیا نەهێشتۆتەوە، بە ڕۆژی ڕوناك دەزانین ئێوە هاوپەیمانی توركان و داگیركەرانن، ئەوە ڕاستیەكە ناشاردرێتەوە، بەڵام بێڕەحمیەكە بەو ڕادەیەی برا كوردەكانی باكور بە سیناریۆی ناڕاست تاوانبار بكەن، ئەوە كردەیەكی هێندە قێزەونە لە دنیادا وێنەی نیە.
برادەرانی پارتی، لە خیانەتكردندا بێتامتان كردوە.
عەزیز ڕەئوف