سەردەمێکی نوێ لەدەرکەوتنی روسیا

وەک روونە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بۆ جاری پێنجەم لە پۆستەکەی مایەوە. یاسای هەڵبژاردنەکانی روسیا وەهایە هەر سەرۆکێک دوای تەواوکردنی وادەی یاسایی ویلایەتەکانی خۆی، ئەگەر ئیمزای پێویست بۆ کاندیدبوون کۆبکاتەوە، ئەوا رێگەی پێدەدرێت وەک کاندیدی سەربەخۆ بچێتەوە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانەی بەرەی ئەمریکا ــ خۆرئاوا لەلایەک و بەرەی دژە شەڕی ئۆکرانیا لەناوخۆی روسیادا لەشێوازی هەڵبژاردنەکە هەیانبوو، بەڵام دواجار پوتین بەمڕێگایە بووەوە سەرۆک و بەسەر چوار کاندیدی رکابەردا، سەرکەوت.

کێشە لەبوونەوە بەسەرۆکی پوتیندا نییە، تەنانەت ئەگەر رەخنەکانیش راست بن!، پوتین بەهەر رێگایەک بووبێتەوە بە سەرۆکی روسیا، دەبێت بێژین ئافەرین بۆ روسەکان کە سەرکردەیەکی وەک ڤلادیمێر پوتین ــ یان قبوڵکردەوە و دەستبەرداری نەبوون، زۆرجار ئەم نەزەریەیەم باسکردووە “پەستانی نەرێنی، بۆ دەرئەنجامی ئەرێنی”، شێوازی هەڵبژاردنەوەی پوتین بەهەر رێگایەک بووبێت و تەنانەت زیان بە ناوبانگی روسیا بگەیەنێت، هێشتا دەرئەنجامەکەی ئەرێنییە بۆ روسیا، بە دەربڕینێکی دیکە؛ پوتین ئەوەندەی بۆ روسەکان کردووە مانەوەی وەک سەرۆک گرنگ بێت، نەک رۆشتنی.

لەدوای رووداوەکانی سوریاوە، ئەگەر دەستکەوتە دیپلۆماسیی و سیاسییەکانی پوتین بەراورد بە سەرۆکی چەند وڵاتێکی وەک ئەمریکا، ئیسرائیل، عەرەبستانی سعودیە، تورکیا، ئۆکرانیا !، فەرەنسا و ئێران بکەین، هیچیان هێندەی پوتین جوڵەی بەرهەمداری سیاسی و دیپلۆماسی نەبووە، بۆیە دەکرێت بگوترێت سەردەمێکی نوێیە لە دەرکەوتنی روسیا، دەرکەوتن و هاتنەدەرەوەش لە دۆخێک کە هەموو وڵاتانی بەرەی ئەمریکا رۆژانە بەهیوای شکستی روسیان لە جەنگی ئۆکرانیادا، بەڵام پوتین دێت و وێنەیەکی دیکە لە پەیوەندی دەرەکی و سیاسی و دپلۆماسی دەکێشێت.

پوتین تەنها لەناوخۆی وڵاتەکەیدا ململانێیەکی مێژوویی ناکات کە تاکو ساڵی 2036 لە پۆستەکەی بەردەوام بێت و پێوانەییەکەی (ستالین) لە سەرۆکایەتیدا بشکێنێت، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش خەونی ئەوەی هەیە بەلانی کەمەوە لە ویلایەتی یەکەمیدا وەک کاندیدی سەربەخۆ کە ماوەکەی لە (15ی ئاداری 2024)ەوە دەستیپێکردووە تا (2030) بەردەوام دەبێت، هاوپەیمانییەک لەهەموو ئەو وڵاتانە دروست بکات کە پێیاندەوترێت (نا ئەمریکایی)، یان نا ئەمریکایی ــ نا خۆرئاوایین.

لەسەردانی ئەم دواییەی پوتیندا بۆ هەریەکە لە کۆریای باکوور و ڤێتنام، بەروونی هەم پەیامی ئەوەی بە ئەو دوو وڵاتە و هەم پەیامی بە وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکاش دا کە روسیا لەناو جوگرافیایەکی شەڕدا دەستەوەستان نەوەستاوە تا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا و ئەسکەندەنافی لێی بڕوانن تا ئەو کاتەی بە ئازارەوە گیانی سیاسی و ئەمنی دەردەچێت و مێژووی ئەفغانستانی سۆڤیەت دووبارە دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە پوتین ناراستەوخۆ وتی “ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەبن، ئەوا ئیدی (روسیا و هاوپەیمانەکانیشی دروست دەبن).

لەدوای 2011ەوە، ئەم هاوپەیمانێتییەی پوتین دەیەوێت، بەڕادەیەکی زۆر لەنێوان روسیا، سوریا، ئێران و چیندا بناغەکەی دانراوە، ئەگەرچی ئەردۆغان ناوبەناو دیداری لوتکەی لەگەڵ ئێرانییەکان و روسەکان هەبووە، بەڵام هێشتا بە وڵاتێک لەم بەرەیە ناژمێردرێت، بۆیە دوای (سوریا، ئێران و چین) لەلایەک و (کۆریای باکوور و ڤێتنام) لەلایەکی دیکە، روسەکان کار لەسەر دوو وڵات دەکەن بیهێننەناو ئەم هاوپەیمانییە نوێیەوە (روسیا و هاوپەیمانەکانی) ئەو دوو وڵاتەش (تورکیا و قەتەر)ە، هەردووکیان ئاسانن بۆ روسیا، چونکە لەکاتێکدا هەردووکیان بەبەرەی ئەمریکا ناژمێردرێن، هاوکات لەدوای 2017ەو پرسی کۆتایی داعش و تاوانبارکردنی ئەو دوو وڵاتە بە هاوکاری ماددی و زەمینی داعش، هەردووکیان بەئەندازەیەکی زۆر دوورکەوتوونەتەوە لە ئەمریکا.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا