کودەتایەکی شکستخواردوو لە وڵاتێک روویدا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کودەتایەکی سەربازی بە پاڵپشتیی سوپا لە بۆلیڤیا روویدا، سەرۆکی ئەو وڵاتە بانگەوازی “بەرگریکردن لە دیموکراسی” بڵاوکردەوە و چەند کاتژمێرێک دوای بانگەوازەکە سوپا لە دامەزراوە حکومییەکان کشایەوە و هەوڵی کودەتاکە شکستی هێنا.

رۆژی چوارشەممە، دەیان تانک و زرێپۆشی سوپای بۆلیڤیا چوونە ناو بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی وڵات و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتییان بەبەکارهێنانی هێز دا. هێزێکی گەورەی سوپا بە کەرەستە و چەکی قورسەوە چواردەوری باڵەخانەی سەرۆکایەتیی بۆلیڤیایان دا.

لویس ئارسێ، سەرۆکی بۆلیڤیا لە رێگەی پەیامێکی ڤیدۆییەوە لە تەلەفزیۆنی فەرمیی بۆلیڤیاوە داوای لە خەڵک و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد “بەرگری لە دیموکراسی بکەن”.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، لویس ئارسێ‌ـی سەرۆک و جەنەراڵێکی سوپا بەناوی خۆسێ زونیگا کە بە ئەنجامدەری کودەتاکە دادەنرێت، گفتوگۆیەکی کورت لەناو باڵەخانەی سەرۆکایەتییدا دەکەن. لویس ئارسێ بە جەنەراڵەکە دەڵێت، “من کاپتنی تۆم، فەرمانت پێدەکەم هەر ئێستا سەربازەکانت بکشێنیتەوە”.

لە چەند گرتەیەکی دیکەی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، سەربازەکان دەچنە ناو باڵەخانەی مۆرلیلۆ پلازا کە دامەزراوەیەکی یاسایی باڵای حکومییە لە شاری لا پازـی پایتەخت و دەستی بەسەردا دەگرن.

سەرۆکی بۆلیڤیا پاش شکستهێنانی هەوڵی کودەتاکە.

لە بەشێکی دیکەی وێنە و ڤیدۆکانی سۆشیاڵ میدیا جیهانییەکان دەردەکەوێت، بەشێک لە هاوڵاتییانی سڤیل بە چەک رووبەرووی سەربازەکان وەستاونەتەوە و هەوڵی شکستپێهێنانی کودەتاکە دەدەن.

بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور هەرزوو سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆکی بۆلیڤیا دەربڕی.

گابرێل بۆریک، سەرۆکی چیللی لە پۆستێکیدا لە ئێکس لەبارەی کودەتاکەوە دەنوسێت، “پاڵپشتیی خۆمان بۆ دیموکراسی لە بۆلیڤیا و حکومەتە یاساییەکەی دەردەبڕین”.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لا پلازـی پایتەختی بۆلیڤیا رایگەیاند، ئەوان “لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن” و هەموو هەوڵێک بۆ “هەڵوەشاندنەوە حکومەتێکی هەڵبژێردراو رەتدەکەنەوە و داوا دەکەین رێز لە یاسا و دەستوور بگیرێت”.

جەنەراڵ زونیگا، بە پلاندارێژەی بەرنامەی کودەتاکە دادەنرێت و پاش چەند کاتژمێرێک لەلایەن سوپای وڵاتەکەوە دەستگیرکرا، داواکاری گشتیی بۆلیڤیا دەڵێت لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵدا دەکرێت و هۆکارەکان بەزوویی بۆ گەلی بۆلیڤیا ئاشکرادەکرێن.

جەنەراڵ خۆسێ زونیگا لەلایەن سوپای بۆلیڤیاوە دەستگیردەکرێت

دۆخی سیاسیی بۆلیڤیا رێگەخۆشکەرە بۆ رووداوی لەم شێوەیە، ئیڤۆ مۆرالێس، سەرۆکی پارتێکی چەپڕەوی بۆلیڤیایە و رکابەرێکی توندی سەرۆکی ئێستا دەکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و ‘گێرانەوەی دیموکراسی’ کردووە بە درووشمی رکابەرییەکە.

ئیڤۆ مۆرالێس، ساڵی 2019 بەتۆمەتی ئەنجامدانی ساختەکاری لە پۆستی سەرۆکی بۆلیڤیا دوورخرایەوە کە بە وتەی خۆی بە هەوڵی کودەتا دوورخراوەتەوە، لەو کاتەوە رکابەرییەکی توندی سەرۆکی ئێستا دەکات.

لەگەڵ ئەوانەشدا، بارودۆخی ئابووریی وڵاتیش رۆژ بە رۆژ لە خراپببووندایە، یەدەگی دراوی بیانی بانکەکانی ئەو وڵاتە لە کەمبوونەوەدایە، بەتایبەتی دۆلاری ئەمریکی، کەمی سووتەمەنییەکانی وەک بەنزین و نەوت و سەرچاوەکانی دیکەی ووزە، کێشە و گرفتی بۆ هاوڵاتییان درووستکردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا