پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە فاتوشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە26ی حوزەیران، لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆنی کرد بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و بەتایبەتیش لە بوارەکانی گەشەپێدانی پەرەوەردە و کلتور و رۆشنبیریدا، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن، بە تایبەتیش لە بواری تەکنەلۆژیا و تواناسازی گەنجانی داهێنەر و کارسازدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژەی فاوندەیشن هەبەوە، کە سەنتەرێکی گرنگی راهێنان و تواناسازی داهێنەر و کارسازە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە، هەردوولا هاوڕابوون کە ئەم پڕۆژەیە رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی داهێنەر و بەهێزترکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی داوایکرد وڵاتی ژاپۆن لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، چ لە رووی ناردنی راهێنەر و چ لە کردنەوەی خولی راهێنان لە وڵاتی ژاپۆن بۆ داهێنەر و کارسازی هەرێم، باڵیۆزی ژاپۆن لەم بارەیەوە ئامادەی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.