پێشەوا کاکەیی: گەر شاعیر ڕۆشنبیرییەکەی ناوەوە و تێڕامانی نەگۆڕیبێت، ناتوانێت بە کەرەستەی نوێ، شیعرێکی نوێمان پێشکەش بکات

پۆڵەتیک پرێس- دیداری فەرهەنگی-بەشی یەکەم

 پێشەوا کاکەیی؛ ناوێک و دەنگێکی ڕژد و درەوشاوەیە لەناو ڕووبەری شیعری نوێخوازی کوردیدا. ڕەوتێکی تایبەتی هەیە لە شیعرنووسیندا و باوەڕی بە پڕۆژەکاری هەیە، بە پڕۆژە و پیشەییانە خەریکی بینای شیعرسازی و بەرهەمهێنانی شیعرییەت و ماناکانی دال و مەدلوولە.

لەگەڵ تازەخوازیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ناو ڕیشەکانی سوننەت و کولتوور و فۆلکلۆر و میراتی ئەدەبی پێشینەمان.

پشتبەستووە بە جیهانی نوێ و بە جیهانی لە پێشینە. خاوەن مەعریفەیەکی ڕۆشن و تایبەتی وێژەیی شیعرییە. چوست و چالاک و قوڵکارە، تەنیا لە تەرزەشیعرێکدا نامێنێتەوە و سرکە و پەتکارە و لە بازبازێنی ئەم بۆ ئەو تەرزە شێوازێکیتردایە. شاعیری گەڕیدەیە و گەڕیدەی شیعرە و سەری شیعر بە ماڵ و خانۆچکە و کونج و کەلەبەرەکانی جیهاندا دەکات، نەسرەوتە و لە تەنیا شوێنێکدا ناگیرسێتەوە. گرێدانی زانست و شیعر خەسڵەتێکی تری شیعرەکانێتی (وەک لە “گەردووننامە”دا دەبینرێت.)

دەکرێت وەک شاعیری نێونەتەوەیی بیناسێنین. لەهەمانکاتدا شاعیرێکی فرە ژانرە و و تەکنیک/ هونەر ناکاتە قوربانی ناوەڕۆک، بەڵکوو پێکەوەسازان دەخوڵقێنێت. جۆرێک لە ڕۆحیانییەتی هاوچەرخ پەیڕەو دەکات و تایبەتمەندییەکی تری ئەوەیە، هەڵبژێر و ناونیشان دانانی پڕۆژەییە. لە بابەتەوە بۆ خود دەچێت، بابەت چەقە و لەوێوە ڕەنگ بە خود و چەمک و باسوخواسەکان دەدات. هەمیشە دۆخەکان لە شیعریدا ئاڵوگۆڕ دەکەن، فرە چڵە و خاوەن دیموکراسییەتی دەقە.

تۆژینەوە پرسیارییەکەم، لەمەڕ بەشێک لە بەرهەمەکانی شاعیر لەمانەدا پوخت دەکەمەوە: “پاشماوەی هەناسەکان، ئەمریکانامە بە تامی شیعر، ئەفریقانامە و زەمیننامە بەتامی شیعر، گەردووننامە، منم دیدەوانی گوڵ دەکەم، باغ غەزەلی تۆ، لە خانۆچکەکەی ماڵی پورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان.” ئەم دیدارە پێکهاتووە لە پێنج پرسیاری درێژ و چڕ، لێرەدا و لەم دەرفەتەدا بەشی یەکەمی پرسیارێک لە پێنج پرسیار وەشان دەکەین و بە پێویستم زانی، لە ڕێگەی ئەم وتوێژەوە پرسگەلێک سەبارەت بە ئاوەڵایی شیعر و کار ـ بەرهەمەکانی شاعیر بورووژێنم.

 

پ. دیار لەتیف: چۆن لە شیعری ئەمڕۆی کوردی دەڕوانن، لەکاتێکدا پێتان وایە هەنگاوی نوێگەرانەی نابێت، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیویەتی لەو هەنگاوە نەچێت کە شاعیرانی پێشووتر نەخشاندوویانە؟ ئاخۆ ڕووخساری شیعری ئێستامان چی جیاوازییەکی لەو ڕووخسارەی دنیای شیعری پێشینان هەیە؟ خاڵەکانی کە پێی دەناسرێتەوە چین و لە کوێدا دابڕان چێ کراوە؟ قسەیەک گەر بڵێین ئەوەی گوایە شیعری ئەمڕۆمان پێیەکی لە سەرگەردانیدایە و پێیەکیشی لە خودجوینەوەدایە، ئەمە چەند وایە؟ ئەو دۆخە ڕەشبینییە چییە وا دەکات شیعری ئەم نەوەیە بیابانێک بێت لە ئومێد و خوانێکی ئامادە لە وەڕسی و بێهوودەیی؟ ئایا دەکرێت شیعری ئەمڕۆمان بە سیزیفێکی تێکشکاو ناوزەند بکرێت، یان وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا خۆی دەبووژێنێتەوە؟ بە هەرحاڵ، چی وایکردووە خوێنەری ئێستای شیعر کەمتر خۆشحاڵ بێت لەوەی لە لای قۆناغ و نەوە ئەدەبییەکەی تردا دەبینرا؟ ئاخۆ ئەمە تاوانی گۆڕانکارییە خێراکان و سەردەمەکەیە، یان بێدەسەڵاتی شیعرە لە دەروەست بە جیهان؟

 

و. پێشەوا کاکەیی: پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، دەمەوێت ئێستێک لەسەر پرسیارەکان بکەم کە ئەم جۆرە لە پرسیارە، تێکەڵکێش و جادوویی و کەمەندکێشییە دەپاڵ یەکدا، دەتوانین بڵێین لەنێو ڕووبەری پرسیاردا دەگمەن بێت، یان بە واتایەکی دی، بۆ یەکەمین جار بێت من دەگەڵیدا ڕووبەڕوو بم، کە پرسیارگەلێکی تێکچڕژاو و بەسەریەکەوەیە، فراوان وەک ڕووبەری زەوین، پڕش وەک درەختی پڕ لخ. ڕاستییەکەی، ئەمە پرسیاری زەریایین و دەبێت نووسەر بیباتەوە سەر دەریا و زرێچە و ڕووبار زێ و چۆم و جۆگەلە، تا دەگاتەوە سەر کانیی شیعر. بۆچی ئەمە دەڵێم، ڕاستی وەک ئەم پرسیارانە نییە کە لەنێو ڕووبەری ڕوژنامە و ماڵپەڕ و تەلەڤیزیۆنەکانی کوردیدا هەن، پرسیارێکی بێ ڕاچڵەکێن، چۆن لە بیرێکی قووڵەوە نایەنە دەر. ئەم پرسیارانە، بەرهەمی بیرێکی خوێنەری قووڵن، دەتوانن نووسەر لەدایکبوونی و مردنی دەربخات. دەرخەری وەڵام، لە بوونی پرسیاردایە. هەر بۆیە هەموو کەسێک هێزی لەدایکبوون و کوشتنی نووسەری نییە؛ بە واتایەکی تر، پرسیارساز دەتوانێت نووسەر کەمەندکێش بکات و بیر و زمانی وەرچەرخێنێت. بە ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم، تۆ (پرسیارسازیت) ئیتر نازانم لە وەڵامی هەر پرسیارێکدا ڕۆچووم یان نا، مردووم یان نا، لە هەر گۆشەیەکی پرسیارەکەتدا لە دایک بوومەتەوە یان نا. منیش وەک وەڵامدەرەوەیەک، هەوڵ دەدەم لە کانیی شیعرەوە بڕژێم و بەرەو زەریای پرسیارەکانت بڕۆم.

چۆن ئەو پرسیارانە، مرۆڤ تووشی ڕاچڵەکین دەکات، نازانم ئەو ترسە دەڕەوێنمەوە یان چێژی پێ دەبەخشین لە گفتوگۆدا. چۆن پرسیارێکی پڕ هەراوزەنان، دەبێت پشتئەستوور بم، بەو پرسیارە پاراوبێژانە کە بتوانم دەپاڵیدا تێڕوانینەکانی خۆم بۆ شیعر لەو ڕۆژگارەدا بخەمە ڕوو. هەوڵدەدەم دەگەڵتا بڕۆم، ڕەشبینی و گەشبینی بەر باس بدەم. ڕووخساری پرسیار نەگۆڕم، چۆن لە قووڵاییی دەروونما شیعر دەمجووڵێنێ لەمەڕ پرسگەلێکی تێکچڕژاو و ڕۆژگارێکی تێکسڕاماو لەناو شیعردا. ڕاستتر بێژم، هەم یاخییانە و هەمیش بە هەناسەیەکی ئارامتر بدوێم. چۆن وەک خۆم لەنێو شیعردا، هەمیشە کارم لەسەر فرەڕەگەزی ژانری شیعر کردووە، نامەوێت دەرگیری وەڵامێک بم، کە بە دڵی تۆ بێت یان خۆم، دەمەوێت وەڵامم لەسەر بنەمای کۆی تێمای فرەیی و تێڕوانینم بۆ ژیان و بوون و شیعر بێت و پێکەوە گرێیان بدەم؛ بەڵکوو ئۆخژنێک بە خودی وەڵام بدەم بۆ خۆم نا، بۆ خودی شیعر.

(سەبارەت بە وەڵامی بەشی یەکەمی پرسیارەکەت، وام پێ باشە کە بەش بەش وەڵام بدەمەوە، تاکوو خوێنەر وەڵامەکانی لا ڕوونتر بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرفەتە کە بڵێم ئەگەر پێشتر وەڵامی جۆرێک لەو پرسیارانەم دابێتەوە، خوێنەر دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو دیدارەی کە وەڵامی ئەو پرسیارەم تێیدا دابێتەوە. گەر وەڵامێکی زیاتر یان ڕام نەگۆڕابوو، ئەوە لێرەدا وەڵام نادەمەوە و خوێنەر دەگەڕێنمەوە بۆ چاوپێکەتنی پێشووم، ئەمە بۆ داهاتووش وا باشترە چ خوێنەر ماندوو نەکەم و چ ئەگەر چووە چوارچێوەی کتێبەوە.)

لە بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان کە دەڵێیت: (چۆن لە شیعری ئەمڕۆی کوردی دەڕوانن، لەکاتێکدا پێتان وایە هەنگاوی نوێگەرانەی نابێت، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیویەتی لەو هەنگاوە نەچێت کە شاعیرانی پێشووتر نەخشاندوویانە؟)

ئەگەرچی ئەو بەشە لە پرسیارەکەتان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە (مانگی ٥ـی ٢٠١٩، چاوپێکەوتن لەگەڵ ماڵپەڕی چاودێر، وەڵامم داوەتەوە.) لێرەدا، بە خێرایی دەمەوێت ئەو شتانە بڵێم کە لەوێدا نەمگوتووە. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەدەمەوهاتنی ڕەخنەگرانە بە ڕووی ئەم ڕەوتە شیعرییەوە؛ هەڵبەت گەر بچینەوە سەر بەشی ئەو پرسیارە، بەڵێ دەتوانین دان بەوەدا بنێین کە شیعری ئەمڕۆ ڕووخساری تایبەت بە خۆی هەیە وەک چۆن لە هەموو سەردەمێکدا بەپێی قۆناغە یەک لەدوای یەکەکان شیعر خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەبووە. ئەوەی لە جیهانی شیعری ئەمڕۆدا پێشکەشمان دەکرێت، یان ئەو کەرەستە و زمان و خەیاڵەی ئەمڕۆ هەمانە بۆ دەوروبەر هەمان تێڕامان و خەیاڵ و زمان نییە کە پێشتر هەمان بووە بۆ دیوار، ئاو، گەردوون، هتد… بۆ نموونە، بە هۆی دۆزینەوە و وردبوونەوەی زیاتر لەسەر جیهانی گەردوون بە بەراورد بە سەردەمی خەییام، مەحوی، هەتا دەگاتە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و کۆتاییی سەدەی بیستەمیش، شیعرییەت بۆ گەردوون لە بازنەیەکدا دەخولێتەوە کە ناوەڕۆکەکەی کار لەسەر بوون و فراوانی کراوە، وەلێ لەسەر ڕەهەندەکانی هەسارە و دۆزینەوەی ئەو ئەستێرانەی کە هەرگیز پڕشکی بەر هیچ شیعرێک نەکەوتووە، نەکراوە. بە واتایەکی دی، لەگەڵ دەرکەوتەی تەکنۆلۆجیا پەیوەست بە زانستەوە، تێڕوانینیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە، چ جای ناوەڕۆک و ڕووخسار و مانا و پێکهاتەی شیعر. ئایا شیعری ئەمڕۆ نوێخوازە/ مۆدێرنە بە شێوەیەکی گشتی، نەخێر؛ ئەگەر تێڕوانینمان بۆ جیهانی نوێ نەگۆڕین بە کەرەستەی نوێ، خەیاڵی نوێ، زمانی نوێ، وێنەی نوێ، مانای نوێ نایەتە گۆڕێ. ئەو هێرشەی بەرانبەر شیعری ئەمڕۆ هەیە، ڕاستییەکەی لە تاودانی نووسینی هەریەکێکە لە کۆمەڵگە، کە لە بێئیشی و دنیای مەجازیدا پەنایان بۆ شیعر بردووە. شیعر پیشە نییە، بۆ ئەوەی دەست پێ بکەیت و ببیتە خاوەن پیشە، شیعر بۆ نوێبوونەوەی جیهانی ئەمڕۆ بە کەرەستەی نوێ، یان نوێبوونەی کەرەستەی شیعر بۆ جیهانی نوێ، ڕاستییەکەی لە خودی پایە بەهێز و نوێیەکانی ناوەوەی مرۆڤە. شیعری ئەمڕۆ، تێکڕا لە هەموو جیهاندا مۆدێرنە نییە. شیعر ڕەگێکی کولتووریی و مێژوویی و زمانی و ڕۆشنبیریی ئەو ناوچەیەیە یان پەیوەندە بەو هەرێم و وڵاتەوە کە شاعیر تێیدا بیری گەشەی کردووە. بۆ نموونە: تێڕوانین بۆ نێوماڵ و خانوو لای شاعیرێکی چینی لەگەڵ شاعیرێکی کورد یان شاعیرێکی ئەورووپی یان ئەمریکی یان ئەفریقی و ئوسترالیایی و ئاسایی هەمان تێڕوانین و وێناکردن نییە. (گۆران)ـی شاعیر تێڕوانینی بۆ سروشت هەمان تێڕوانین نییە کە (لی بای) شاعیری چینی تێڕوانینی بۆ سروشت هەبووە. یان ئەو تێڕوانینەی من بۆ خانوو هەمە، هەمان تێڕوانین نییە کە گۆران هەیبووە. گۆران لەسەر پێکهاتە و کەرەستە و سروشتی کوردستان، وێنە و ناوەڕۆکی خانووی کوردی بنیات ناوەتەوە لە شیعردا، من بەپێی جوگرافیا و مێژوو و کولتووری ئەو نەتەوەیەی یان ئەو گەلەی کە شیعرم بۆ نووسیوە، ڕوانگەی خۆم بۆ خانوو بە شیعر دەربڕیوە. نێوماڵی ئەو گەلانەم بەپێی کولتووری ئەوان داڕشتووە نەک بەپێی حەزی خۆم و سروش خۆی پێدا بکات، ئەمە لە کاتێکدایە، من و گۆران و هتد.. بە زمانی کوردی نووسیومانە. واتە، شیعری نوێش ڕەگێکی لەگەڵ کولتوور و مێژوو و جوگرافیا و ڕۆشنبیرییی کۆمەڵگەکەدا دەڕوا، خۆم بە زمانی کوردی، وەلێ بە تیڕوانینی کولتوور و کەرەستە و مێژووی بیناکاری گەلی دیکە کە دەقی واڵای (لەنێو ماساییەکاندا/ کە پڕۆژەی یەکەمە لە گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا) نووسیم و بەشێکیشی کە تایبەتە بە خانووی ئەو گەلە، هەمان جۆری خانوو نییە کە لە کوردستان بنیات دەنرێت. ئەمە بۆ خانووی چینی و خێڵەکانی ئەمازۆن و وڵاتانی تریش ڕاستە. بۆیە گەر شاعیر ڕۆشنبیرییەکەی ناوەوە و تێڕامانی نەگۆڕیبێت، ناتوانێت بە کەرەستەی نوێ، شیعرێکی نوێمان پێشکەش بکات کە بتوانێت خودی شاعیر لەنێو ئەو پێکهاتەدا بمێنێتەوە کە خۆی بنیادی ناوە. (پێشتر باسی قۆناغەکانی ئەو نەوەیەم کردووە، بۆیە لێرەدا باسی ئەو قۆناغانە ناکەم.) شیعری شاعیرانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەندەی لە نامۆیی دەڕوانێت، ئەوەندە نامۆیی خۆی بەر باس نادات، یان لە خودی نامۆیی نادوێت، بەڵکوو پێی وایە شتە نامۆکان دوور لە کولتوور و ڕۆشنیریی و مێژوویی بە هۆی جیهانگیرییەوە ئیدی تێیدا نامۆ نییە. ڕاستییەکەی شێوە باوەکەی لە جیهانگیری وەرگرتووە نەک خودی مۆدێرنە. تێڕوانینی بۆ جیهانی نوێ، نەیتوانیوە کاریگەری لەسەر خوێنەر دابنێت یان بەرگری لە تیڕوانینی بۆ جیهانی نوێ بکات. شیعری نوێ لە جیهانی ئەمڕۆدا، وەک ئەو تۆز و گەردەی لێ هاتووە کە دەنیشێتە سەر شتێک یان لە شوێنێکدا جێ دەمێنێت، شاعیر لە ڕێی وشە و کەرەستەی شیعرییەوە دەیسڕێتەوە و بە ڕۆشنی نیشانمان دەدات، بێ ئەوەی درک بکات شوێنەواری کۆنی پێوە دیارە. شیعری نوێ، ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرەستەدا نمایش دەکرێ، دەگەڵیدا ڕەشبینی و ڕشانەوە و ناشادمانییە. ڕاستییەکەی، لەگەڵ شیعری نوێدا دەبێت لەگەڵ خۆشبەختی و تێڕوانینمان بۆ جیهانیش نوێ بێتەوە. پێی شاد بینەوە. شیعری نوێ، کڕووزانەوە و سۆزداریی نییە، وەلێ چڕنۆکدار و سەرمایەداریش نییە پەلاماری هەموو بوونێک بدات.

 

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەتان کە دەڵێیت: (ئاخۆ ڕووخساری شیعریی ئێستامان چی جیاوازییەکی لەو ڕووخسارەی دنیای شیعری پێشینان هەیە؟ خاڵەکانی کە پێی دەناسرێتەوە چین و لە کوێدا دابڕان چێ کراوە؟ قسەیەک گەر بڵێین ئەوەی گوایە شیعری ئەمڕۆمان پێیەکی لە سەرگەردانیدایە و پێیەکی لە خودجوینەوەدایە، ئەمە چەند وایە؟)

هەڵبەت ئەم پرسەش بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ ئەوەی کە ئاخۆ ئێمە ڕەخنەگرین یاخود دەبێت ڕەخنەگر بانگهێشتی ئەو دادوەرییە بکەین، پێم وایە ئێستاکە ڕەخنەگر بە شێوەیەکی گشتی لە نائامادەییدایە، دەبێت وا بکەین لە ئامادەییدا بێت و ئەو وردەکارییانە بەر باس بدات لە ڕێی ئەدگار، چێژ، بەها پەیوەست بە دەقەوە بەرخود بکات نەک لە ڕێی خود/ پەیوەندییەوە، چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لەگەڵ سۆز و خۆشەویستی و چێژدا مامەڵە دەکات، نەک خودی دەق. خوێنەرێکی زۆر لە کلاسیک هەیە، پێی وایە تا زرمە بە سەروا و کێش نەهێنیت لە شیعردا، گوێت لێ ناگرێت، بە هەمان کەرەستە و تێڕوانین و زمانەوە ناتوانین لە بیری ئەمڕۆمان بدوێین ئەگەر کەرەستە و زمان و خەیاڵیشمان بۆ مۆدێنە نەگۆڕین. واتە گۆڕینی شیعر بۆ مۆدێرنە، گرێدراوی بە تەنیا بابەت، کەرەستە، زمان، خەیاڵ، هونەر و هەوا نییە، بەڵکوو گرێدراوی بیری شاعیریشە بۆ جیهان و خواستی مرۆڤ لە جیهانی ئەمڕۆدا. ئەو مۆدێرنەیی لە دەرەوەی شیعر وەک چەمک هەیە، جودایە لەو مۆدیرنەیەی کە لە ناوەوەی گێڵگەی شیعری کوردیدا هەیە، بۆیە دەبێت هاوکێشەکە لە تیڕوانیدا لێک نزیک ببنەوە تاکوو تەندروست لەو شێواز و قۆناغەی شیعرییە بدوێین، هەر لەبەر ئەمەشە، بە گشتی شیعری نوێ تەمومژاوییە!

ڕۆڵان بارت، دەڵێت: (شیعری کلاسیک تەنیا وەک ڕازاندنەوەیەکی جۆراوجۆری پەخشان هەست پێ دەکرێت، وەک ئەنجامی هونەر “تەکنیک” و هەرگیز وەک زمانێکی جیاواز یان وەک بەرهەمی هەستیارییەکی تایبەت لێکنادرێتەوە.[1]) لێرەدا دەمەوێت لەسەر ئەو تێڕوانینە بوەستم و ئینجا دەربارەی ڕووخساری شیعری ئەمڕۆ، جیاواز بە ڕووخساری شیعری دوێنێ بدوێم. ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لەم تێڕوانینەی ڕۆڵان بدەینەوە، ئەوا دەبینین سەبارەت بە شیعری ئەمڕۆ ڕاستە بە تایبەت لەنێو ڕووبەری شیعری کوردیدا، ڕەنگە لە ڕووبەری شیعری زمانێکی دیکە ئەم تێڕوانینە جیاواز بێت. واتە، شیعری کلاسیک لە سەدەی بیستویەکدا، زیاتر ڕووخسار خۆی وێنا دەکات بە پەنجەرەی سەروا و دیواری کێشەوە، بە بناغە و سەربانەوە، لەنێو شیعری ئەمڕۆدا دەرگای کردۆتەوە، کار لە نێوماڵی شیعر و خانووی شیعر دەکرێت، هەڵبەت ئەو دیدەم ڕووی لەوانەیە کە بە تەواوی شێوازەکانی قوتابخانەی کلاسیکەوە دەنووسن، نەک کۆی شیعری ئەمڕۆی کوردی. ئەمەش هۆکاری ئەو ڕازاندنەوەیە کە لە دنیای نوێدا ڕووبەڕووی بۆتەوە. نە دەتوانێت دەگەڵ مۆدێرنەدا هەڵکات، نە دەشتوانێت بە تەواوی لەنێو کلاسیکدا خۆی بنووسێتەوە، چۆن پەیوەندییە خەیاڵی و کەتوار/ واقیعییەکانی ئەمڕۆی، تووشی دەرگیری وێنەی زمان و بیر بوون. هەمان تێڕوانینیش بۆ شیعری نوێ هەیە، بیر و زمانێکی کۆن خۆی مەڵاس داوە، لەنێو پۆشاکی شیعرێکی نوێدا، نوێ لە وشە و شێواز و ناوەڕۆک. ئەمە وەک لایەنە ڕەخنەییەکە ئەگەر تەماشای بکەین، خۆ ئەگەر لایەنە نوێخواز و نوێترخواز و بان نوێ و کەتوار و زمان و بیری شیعری ئەمڕۆش وەربگرین، ئەمەش هەر ڕاستە، بۆ نموونە: (شیعری مەحوی)ـی (بەختیار عەلی،) لە ڕووخساردا شیعرێکە بە دیوار و دەرگا و پەنجەرەی کلاسیکەوە، بە بنا‌غە و سەربانی داپۆشراوەوە، وەلێ بیناسازییەکی نوێیە، چۆن نێوماڵی شیعرییەکەی پاش تازەگەرییە، ئەگەر قەسیدە و شیعرەکانی بە ڕووخسار بە زرم و هووڕی سەرواوە، چینی دیواری بە کێش و هەواوە خۆی نمایش بکات، ئەوا خوێنەر لە تێڕامانیدا لە دنیایەکی پاش تازەگەرییدایە و بیر لە زمانی شیعریی بەختیار عەلی دەکاتەوە دەکاتەوە. خۆ شیعری ڕەفیق سابیر، جادوویی خۆی لەنێو شیعری خۆیدا هەڵگرتووە نەک لە پیاهەڵدان و دژایەتیکردنی ئەم و ئەو؛ (شێرکۆ بێکەس) لە نامەیەکیدا بۆ (سەلام محەمەد دژایەتی خۆی بە شێوەیەک ڕادەگەیەنێت کە پێی وایە (بیست ساڵە زیاترە شیعر دەنووسێ، شیعرێکی نییە چووبێتە نێو دڵی خەڵکەوە![2]) هەڵبەت ئەوکات بیست ساڵ بووە لە نامەکەیدا. لێرەدا ڕووبەڕووین لەگەڵ ئەوەدا کە شیعر لە چێژەوە نابێت هەڵسەنگێندرێت، بەڵکوو خودی پەیامی شیعر چییە؟ تێگەیشتن لە شیعری خەییام لە سەردەمی خۆیدا ئەستەم بوو، وەلێ ئێستاکە کەس نییە زۆرینەی چوارینەیەکی لەبەر نەبێت، بگرە زیاتریش. (لێرەدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا لەسەر ڕەهەندی چێژ قسە ناکەم، لە شوێنی دیکەدا ئەگەر ڕووبەڕوو بووینەوە لەمەڕ چێژەوە دەدوێم.) چۆن ساڵانە چەندین کتێبی شیعری دەردەچێت ئەستەمە خودی شاعیرانیش بتوانن هەموو شیعری خۆیانیان لەبەربێت! پرسیارەکە ئەوەیە، ڕاستییەکەی کێ شیعر دەخوێنێتەوە؟ کێ شیعر لەبەر دەکات لە دنیای ئەمڕۆدا؟ کێ شیعر لە هەموو گفتوگۆیەکدا دەهێنێتەوە نێو خوان؟ شیعر چی پێیە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ؟ کە دەبێت هەموو ئەوانە لە ئێستادا بێت یان کاتێکی دی، وەڵام بدرێنەوە؛ هیچ نەبێت بۆ خودی تێگەیشتن لە شیعری ئەمڕۆ. شیعر بۆ هەردەم دەخوێندرێتەوە، بۆ هەردەم نوێ دەبێتەوە، شیعر شتێکە ناتوانێت تا جیهان هەبێت خۆی بە زمان و بیرەوە لەنێو بابەتدا سەرقاڵ نەکات. بۆ ئەوەی بچینەوە سەر بابەت، ئەوەیە کە ئەمە خودی شیعری ڕەفیق سابیرە دەتوانێت ئەو نەمرێتییە بۆ زۆرینەی شیعرەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت. زمان و بیر چۆن پێکەوە ئەو ئەرکە دەبینن لە شیعردا. خۆ نە زمانی شیعری ڕەفیق سابیر و نە زمانی شیعری بەختیار عەلی لەو ئاستە خەیاڵییەی جادووییەی زمانی شیعری شێرکۆدان، بەڵام لێرەدا چۆن هێزی بیر و زمان لەنێو شیعری ئەم دوانەدا بەهێزە، بە جۆرێک لە جۆرەکان نەمرێتی لە شیعری خودی ئەواندا بەهێزترە تا شیعری شێرکۆ بێکەس. چۆن؟ هەر بۆ نموونە، ئەو شیعرانەی کە بۆ شەهید و کارەسات و بۆنە نووسراوە لە نێوان ڕەفیق سابیر و شێرکۆ بێکەسدا، مانەوەی زیاتر و جێگیربوونی بەردەوامیی وەک هێزی زمان و بیر لە شیعرە بۆنەییەکانی ڕەفیق سابیردا بەهێزترە تاکوو شێرکۆ بێکەس. ئەمەش چۆن، لەبەر ئەوەی زمان و بیر و خەیاڵی، تێکڕا قوربانی کاتی نەکردووە، بەڵکوو کاتی هەڵگرتووە لەنێو خەیاڵ و زمان و بیردا، هەر لەبەر ئەمەشە شێرکۆ بەر خەسارەتێکی زۆری زمان لەنێو شیعردا دەکەوێت. هەڵبەت لێرەدا نامەوێت وەک توێژینەوە لەمەڕ ئەو بابەتە زۆر بدوێم؛ چ جای شیعری بەختیار عەلی کە دەتوانێت بۆ هەموو چەرخەکان بگەڕێتەوە و پرسیار بکات و دەشتوانێت بۆ هەموو چەرخەکان درێژ بێتەوە کە شیعری پڕ پرسیار و وەڵامە، هەم گومانکەر و هەقیقەتبینیشە. بۆیە بە دیدی من، شیعری بەختیار عەلی گەر لە ئێستادا نەچێتە دڵی هەموو کەسەوە، (ئەگەرچی هیچ کات و بۆ هیچ کەسێکیش، نە هیچ کەسێک و نە هیچ بابەتێکیش تێکڕا ناچێتە نێو دڵی هەموو کەسێکەوە!) ئەوا لە کاتێکی خۆیدا ئەو پانتاییە داگیر دەکات و بۆ هەتایش ناچێتە دەرەوە لەنێو ڕووبەری شیعری کوردیدا؛ واتە وەک خەییام سەردەمی لەدایکبوونی خۆی هەیە، لەدایکبوونێک کە چەمکی نەمرێتی لە خۆیدا هەڵدەگرێت. هەڵبەت بۆ ئەوەی خوێنەر لێرەدا هەڵە تێنەگات، مانای ئەوە نییە لە گەورەیی و مانای شیعری شێرکۆ بێکەس کەم بکەمەوە، بەڵکوو شیعری هەیە بۆ هەموو چەرخان درێژ دەبێتەوە. لێرەدا ئەو پاڵەوانێتییەی بە شیعری شێرکۆ بێکەس بەخشراوە لە ئێستادا و لەنێو ڕووبەری شیعری کوردیدا، دەبێت بیر بکەینەوە لە چ دۆخێکی مێژووییدا دەژین؟ شیعری بەرگری و دۆخی بەرگری لەنێو شیعری شێرکۆدا هەن، بەڵام دۆخی بەرگری و شیعری بەرگری بۆ هەموو چەرخەکان درێژ نابێتەوە. جگە لەو شیعرانەی لە دەرەوەی ئەو زمان و خەیاڵ و مێژووەدا کاری کردووە. لێرەدا تەنیا لەمەڕ زمان و بیری شیعرەوە دواوم نەک خەیاڵی زمان. زمان بێ چوونە لای بیر و بیر بێ چوونەوە بۆ لای زمان، تووشی ئاوەژوویی دەبنەوە، واتە هزر و هونەر دژی یەک ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەگینا ئەو گەمەکردنە بە خەیاڵی زمان لەنێو مێژووی شیعری کوردیدا و بە زمانێکی کوردی پاراو، شێرکۆ لە باڵاترینە! ئەمە جیاکاری نییە بۆ شیعری ئەو شاعیرانە لەنیو وەڵامی پرسیارێکدا، ئاماژەیەکە بۆ کلیلی پرسیارەکان چۆن دەریچەیان بۆ بدۆزینەوە.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شیعری کوردی بدەینەوە و ئەو گۆڕانکاریی و ڕووخسارییە نیشان بدەین، دەبینی کە پێشتر گۆڕانکارییەکان دەیی نەبوون بەڵکوو سەدەیی بوون یان بگرە چەند سەدەیی بوون. شیعری کوردی لە ڕووی ڕووخسارەوە، لیریکی و ئیپیک بووە. لیریکی: تاک بەیتی، دوو بەیتی، چوارینە، پارچە، پێنجینەبەند/ پێنجین، پێنج خشتەکی، تەجریع بەند، تەرکیب بەند، موستەزاد، مولەممەع، غەزەل، قەسیدە و تاد… هەرچی ئیپیک (ئێپۆس)ـیشە، دەتوانین کۆمەڵێ زاراوەی بۆ بدۆزینەوە، وەکوو: (چیرۆکەشیعر، داستانەشیعر، مەلحەمە) کورد خۆشی (بەیت)ـی پێ دەڵێ، بەتایبەت لە ئەدەبی میللیدا. ئەمە لە مێژووی شیعری کوردیدا لە ڕووی ڕووخسارەوە، لیریکی و ئیپیکی لە شیعری پێشوودا وەها بووە، ئێستاکە ڕەگەزی شیعری زیاتر بووە، وەکوو: (ڕۆمانەشیعر، دەقی واڵا، ڕۆمانەشیعر_ قەسیدە، قەسیدەدراما، قەسیدەکتێب/ چامەکتێب، شانۆنامە پۆسەتەرەشیعر و تاد…) لێرەدا مەبەستمانە لەگەڵ دۆزینەوەی ڕەگەزی نوێ بۆ شیعر، دیدی نوێ و خەیاڵی نوێ و زمان و بیری تر خۆی دەردەخات. واتە، ئەم ڕووخسارانەی شیعر کە گۆڕدران، لەگەڵیشدا پانتایی ناوەڕۆک دەگۆڕێت، ئەمە بە شێوەیەکی گشتی، نەک بڵێین هەموو ڕووخسارێکی شیعری پانتایی ناوەڕۆک دەگۆڕێ، چۆن دەشێ لە هەمانکاتدا شەڕی هونەر و هونەرکاری (تەکنیک و تەکنیککاری) هاتبێتە گۆڕێ، ناوەڕۆک خۆی بیرچووبێتەوە!

شیعری کوردی، لە سەدەی هەشتەمی زایینییەوە تاوەکوو سەدەی چواردەی زایینی کە بە هەورامی نووسراوە، شیعرێک بووە لە ڕووخساردا هەرچەشنێک بووبێت، کە چوارینەی دە بڕگەیی بووبێت، ئەوا لە ناوەڕۆکدا قووڵبوونەوە بووە لە خواناسی و ڕێ و ڕەچەی ئایینی و بەتایبەت پەیڕەوان و ڕێبەرانی یاری نووسیویانە. واتە، بە شێوەیەکی گشتی، شیعری ئەوسا بەدرێژایی شەش سەدە، (٨ بۆ١٤) زۆرینەی خواناسی بووە، تاکوتەرا بۆ ئەوینداری و نیشتمانی و تاد… بووە. ئەگەر سەرنجتان ڕابکێشم بۆ ئەوکات، زۆربەی ناوەڕۆکی هۆنراوەکانیان بە زاراوەگەلێکی خواناسی ڕازاندۆتەوە کە ڕووخساریش دەرگیری ناوەڕۆک بووە. هۆنەرانی ئەوسا، بەسەر دوو دەستەدا دابەش ببوون، دەستەی یەکەمیان؛ خودی پیری یاران بوون کە لە ڕێی هۆنراوەکەیانەوە، پەیامی یارییان ڕاستەوخۆ دادەگرت. دەستەی دووەمیان؛ پەیڕەوان و شوێنکەوتوانی پیر و بابا و ڕێ و ڕەچەی ئایینەکەیان بووە. ئەوکات لەپاڵ شیعری ئایینییدا، ئیدی شیعری مێژوویشیان نووسیوە کە بە هاوتای یارانیان زانیوە، لەو هۆنراوانەدا قارەمانێتی و پاڵەوانێتی و سەردارانی کۆنی ئێرانیان ستایش کردووە.

لێرەوە پرسەکە دێتە گۆڕێ کە لە هۆنەرانی دەوری (بەنی دولەف/ ٢١٠_ ٢٨٥ـی کۆچی)ـیەوە، هەتا هۆنەرانی دەوری (حەسنەوی/ ٣٣٠_ ٤٠٦ـی کۆچی) و هۆنەرانی دەوری (هەییاری/ ٣٨٠_ ٥١٠ی کۆچی) لە دەوری یەک بابەت و ناوەڕۆکەوە دەسووڕێنەوە، لە پیاهەڵدانی ئایینی و مێژوویی. واتە لە (باڵووڵی ماهی)ـیەوە، هەتا پاش دەورەی ( شاخۆشین.) شێوازی یەکەم؛ لە باڵوولی ماهییەوە، هەتا سەرهەڵدانی شاخۆشین، چوارینەی بڕگەیی و داکۆکیکار بووە لەسەر چەمکەکانی ئایینی یاری و شێوازی سەرەکی ئەو دەورەیەن. چۆن؟ بۆ نموونە، ئەگەر ئەو دێڕە شیعرییانە وەربگرین کە لە ماوەی شەش سەدەدا درێژبۆتەوە، ئەوا لە ناوەڕۆک و هەتا ڕووخساریشی داپۆشیوە. (ساقی ناکامم، ساقی ناکامم/ ساقی جام مەی، ساقی جام مەی/ دیوانەی زایر، دێوانەی زایر/ تاد…) ئەمە تەنیا لە باڵووڵی ماهییەوە هەتا (بابا نجومی لوڕستانی) واتە دەوری بەنی دولەف، پاتبوونەوە لە ناوەڕۆک و ڕووخساردا بەدرێژایی یەک سەدە هەبووە. دواتر، بەدرێژایی دوو سەدە ئەم ناوەڕۆکە پات بۆتەوە لەنێو هۆنراوەی هۆنەرەکاندا، کە بە دەوری (بابا سەرهەنگی دەودانی) دەست پێ دەکات و بە (دایە تەورێزی هەورامی) کۆتایی دێت، ئەم دێڕ و پەیامانە لە هۆنراوەکانیاندا پات دەبنەوە، وەکوو: (هەفتم سەرخێڵەن، هەفتم سەرخێڵەن/ دەروونم کەیلەن، دەروونم کەیلەن/ یاران یاوەران، ئی راگە راسەن/ و تاد…) هەورەها، زۆربەی وشەکانیان پات بۆتەوە بە هامان مانا و ناوەڕۆک وەکوو: (پیاڵە، ڕەزەن، جەم، سەرهەنگ دەودان، دێوانە و مەستم، نە ئەورامانە نە ئەورامانە، زوانم لاڵ بۆ، چۆڵەن، هۆڵەن، کێڵگەن، پەرێ دوما و تاد…) شێوازی دووەم؛ کە بە شێوازی شاخۆشین ناسراوە، هەر لە شاخۆشینەوە بۆ (بابا تاهیر) و تاد… درێژ دەبێتەوە. واتە، لە سەدەی پێنجەمی کۆچییەوە/ یازدەی زاینییەوە، هاتنەئارای هەندێ چەمکی دۆنادۆن، شیعری ئەوینداری و مێژوویی و هەندێ لایەنی تر، ڕەچاو کراوە. شێوازی سێیەم؛ لە (سان سەهاک)ـەوە، دەست پێ دەکات کە شێوازی ئەدەبی گۆران بیچم دەگرێت، تەنیا لە (چوارینەیی بڕگەیی بۆ جووت سەروای بڕگەیی) وەچەرخان ڕوو دەدا لە ڕووخساردا. واتە، بە درێژایی شەش سەدە، شێوازی شیعری کوردی گۆڕانێکی وەها لە بنەڕەتی ناوەڕۆکدا دروست نەکردووە. ئەو گۆڕانەی بەسەر ڕووخساری شیعریشدا هاتبێت، لایەنی سەروا بووە لە ئەلف و با و جیم و دالدا بووە!

دواتر لە سەدەی چواردەوە بۆ سەدەی نۆزدە، زۆرینەی هۆنراوەی کوردی، لەبارەی دیمەنی سروشت و دڵداری و ڕەزمی و چیرۆکی ئەفسانەیی و خواناسییەوە بووە. ئیدی لە سەدەی نۆزدەوە بۆ سەدەی بیستەم بە قۆناغێکی دیکەدا دەڕوا و دواتر لە سەدەی بیستەم چەند قۆناغێک دەگرێتەوە. کە پێویست ناکات لەبارەی قۆناغەکان جارێکی دی بدوێم. مەبەستم ئەوەیە بۆ ئەوەی بزانین ڕووخساری شیعری ئەمڕۆ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بە دڵنیاییەوە، هێجگار خێرا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەم لە ناوەڕۆک و هەم ڕووخسار و تاد… لە سەدەی ٨ بۆ ١٤ی زاییینی، بە ئەندازەی ئەو دوو دەیەی سەدەی بیستویەک گۆڕان بەسەر شیعری کوردیدا نەهاتووە. ئەوە گۆڕانکارییە خێراییەکانن کە پێمان وایە شیعر بە تەواوی لە پاشاگەردانیدایە. بەڵێ ڕووخساری شیعری ئەمڕۆ زۆر جودایە لە ڕووخساری کۆتایی سەدەی بیستەمیش. ئەم دوو دەیەی سەدەی بیستویەکەم، بە شێوەیەکی گشتی، گۆڕانی خێرا بەسەر ناوەڕۆک و ڕووخسار و هونەر و تاد…دا هاتووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، نایشارمەوە و نەشمشاردۆتەوە پێشتر باسی گرووپ و گرووپکارییم کردووە کە خولانەوە لەنێو شیعری یەکدیدا هەیە، بەڵام مانای ئەوە نییە گۆڕانی شیعری ڕووی نەدابێت. ئەو خاڵانەشی کە پێی دەناسرێنەوە، کەتوار و دیاردە و بابەتەکانی ئەمڕۆن کە گواستراونەتەوە نێو شیعر. بۆ نموونە: حاڵەتی کۆڕۆنا کە بە تەواوی باڵی بەسەر زەویدا کێشاوە، بووە کەتوار لەنێو شیعردا، لەگەڵ ئەو دۆخەدا نائومێدی بەر باس درا. باسکردن لە پیسبوونی ژینگە لە شیعری ئەمڕۆدا، ستەمکاریی و نادادی و سەرمایەداری و تاد… پێیەکیان لەنێو شیعری ئەمڕۆدا جێگیر کردووە. بۆ نموونە، شیعری پێش ڕاپەڕین (شەست و هەفتا و هەشتاکان) دۆخی بەرگری وەرگرتووە، (بە شێوەیەکی گشتی شاعیران لەو پرسەدا کاریان کردووە، نەک هەموو شاعیرەکان مژۆڵی ئەو بابەتە بووبن.) دوای ڕاپەرین باس لە پرسی بوون و جوانیی و ئازادی و تاد… کراوە. لە سەرەتای سەدەی بیستویەکیشەوە بە دوو قۆناغ شیعری کوردی ڕۆیشتووە، دەیەی یەکەم و دەیەی دووەم. ئەو دیاردانەی لە دەیەی یەکەمی سەدەی ٢١ـدا باس دەکرێت، جودایە لەو دیاردانەی لە دەی دووەمیدا بەر باس دەدرێت. (ئەوەی شیعری ئەمڕۆ پێیەکی لە سەرگەردانیدایە و پێیەکی لە خۆجوینەوەدایە،) تەنیا نابێت ئەو پرسە ڕووی شیعری گەنج بگرێتەوە، ئەو شاعیرانەی کە چل ساڵە ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە، پەلاماری شیعر دەدەن و پێیان وایە شیعر خراپتر بووە تا باشتر. پێویست نییە هەموو لاسایی شێرکۆ یان گۆران یان پەشێو و تاد… بکەنەوە. شاعیری ڕاستەقینە ئەوەیە ئەو خاڵانە خۆی دەست نیشانی بکات کە چ دەگورزەرێت لەنێو جیهاندا نەک لەنێو خودی شاعیراندا! (تاکوو خۆی دابڕان بۆ خۆی چی بکات) و جودا لەوانی دی کار بکات. بۆچی (سەباح ڕەنجدەر) لەگەڵ هەموو قۆناغەکاندا دەتوانێت هەڵبکات یان ئەحمەدی مەلا و ساڵح سوزەنی، چەندینی تر… شاعیر دەبێت کێوماڵی کات بکات، دەرگیری ڕووداو نەبێت. باس لە ڕووداو بکات، کات کەلەپچەی نەبێت. بۆ ئەوەی شاعیر لەو دۆخە ڕزگاری بێت، پێویستی بە خاڵێکی دەستنیشانکراو هەیە بۆ کارکردنی، وەک گەڕیدە لەسەر زەوی و دەریاوانێک بەدوای بنی دەریادا بگەڕێ، پرس بجووڵێنێ لەسەر شتەکان و گەوهەرێتی بوونیان بدۆزێتەوە.

سەبارەت بە بەشی سێیەمی پرسیارەکەتان کە دەڵێیت: (ئەو دۆخە ڕەشبینە چییە وا دەکات شیعری ئەم نەوەیە بیابانێک بێت لە نائومێدیی و خوانێکی ئامادە لە وەڕسی و بێهودەیی؟)

پێم وایە، ئەو دۆخە ڕەشبینییە، بەرەنجامی ئەو کەتوارەیە کە شیعری ئەمڕۆی تێدا دەنووسرێت. هەم مرۆڤ خۆی لە هەناوی قەیراندایە، هەمیش کۆی دۆخەکە لە قەیراندایە. بەهێزی شیعری نوێ دەروەست بە دۆخ ئەوەیە کە ئەو پێشهاتە نوێیانە وەربگریت و چۆن لەگەڵ پەیوەندی کەتواری نوێدا دەیگونجێنیت و پێشهاتە نوێیەکانیش شیعری پێ دەوڵەمەند دەکەیت. ئەم ئەزموونە لە ڕەشبینییە، سەرەتایەکە بۆ کردنەوەی شیعری نوێ دەروەست بە دنیای نوێ. ئەو بیابانە نائومیدییە، دەبێت دەرچوون بێت بەرەو ئومێد، ئومێد وەک کەتواری نوێ؛ دەبێت وا بکات کە شیعرێک بێنێتە کایەوە واتادار بێت، تەنیا ڕاڤەی ناڵەی خودی نەبێت، ناڵەی هەموان بێت. وەها نەزانرێت کە شاعیر تووشی کێشەی دەروونی بووە، گرفت لە شیعری نوێی ئەمڕۆدا (ئەگەر وەک لایەنی نەرێنی وەربگرین!) ئەو ڕەهەندە دەبینن کە دنیای نوێی لێ بۆوەتە گرێی دەروونی، ناتوانێت لە خۆشی ڕابکات چ جای هەموان بۆ دنیای نوێ بانگهێشت بکات. گرفتی شاعیران لەو دۆخەدا، ئەوەیە کە لەنێو کەتواری دنیای نوێدان و مامەڵە لەگەڵ دنیای نوێشدا دەکەن و کەچی ئەم دنیا نوێیەش ڕەت دەکەنەوە و لێی هەڵدێن و دەیانەوێت بچنەوە دنیا سادەکراوەکەی دیکە کە خەیاڵێکە بە خۆی؛ بۆیە تووشی ئەو جۆرە لە نائومیدییە دەبن، ئەمە وەک لایەنی بەرکەوتنی نەرێنی کە ناتوانن لە کەرەستە و زمان و خەیاڵی دنیای نوێ تێبگەن، بەڵام ملی بۆ دادەن و بەرخودی لەگەڵ دەکەن.

لەگەڵ دنیای نوێدا، شاعیر نابێت تەنیا لەگەڵ کەرەستەی دەروونیدا ڕووبەڕوو بێت کە ببێتە بابەت بۆ بەتاڵکردنەوەی گرێ ڕۆحییەکانی، بەڵکوو گرێ کۆمەڵایەتیی و چین و توێژەکان بەر باس بدات و خۆشی بابەت بێت تێیدا. شیعرییەت نابێت بەرهەمهێنانەوەی هێڵێکی سوودگەرایی بێت، بەڵکوو ڕێڕەوی ئەزموونگەرایی بێت لەوانی دیکەدا.  ‌

ئەوەشی کە (ئامادەیە لە وەڕسی و بێهوودەیی؛) کەوتووەتە بەر ستەمی ڕۆژگار، ئینجا ڕاستییەکەی دەبێت شاعیر خۆی پرسیار لە ستەمی ڕۆژگار بکات بۆچی وا بە ئاسانی نوقورچەی لێ دەگرێت؟ ئیشی ئەوەیە دەبێت لە ژانەکانی دەرچێت، ئەم بیرکردنەوەیە وا دەکات لە نێوان دەرچوون و دەرنەچوونی ستەمی ڕۆژگار هەست بە ئامادەیی دەکات کە دەبێت وێنای ئاییندە بکات لە کەتواری ئەمڕۆدا بان کەتواریش لە بەرچاو بگرێت، نائارامی دۆخ وەک ڕۆژگار، ڕۆژگار لە بەردەم سیاسەتی باشووردا، وایلێهاتووە ئەم نەوە نەوێیە لە شاعیران (هەڵبەت ڕاستەوخۆ ئەو نەوەیەی لە دووهەزارەکانەوە لە دایک بووە و ئێستاکە قەڵەمی شیعری تاوداوەتێ.) دەتوانن هەموو شتێکی تێدا بڵێن، بەڵام ناتوانن بەدیار تێڕامانی خۆیەوە دانیشن و لە شیعری خۆیان بڕوانن.

سەبارەت بە بەشی چوارەمی پرسیارەکەتان کە دەڵێیت: (ئایا دەکرێت شیعری ئەمڕۆمان بە سیزفێکی تێکشکاو ناوزەند بکرێت، یان وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا خۆی دەبووژێنێتەوە؟)

 خۆی پرسەکە ئەوەیە کە شیعری ئەمڕۆ لەنێو ئەو شێوازە نوێ و تازەیەدا تا چەند لەگەڵ کەتواردا، بان کەتواری لە بەرچاو دەگرێت، کاتێک ئایدیۆلۆجیا تێکدەشکێنێت نابێتەوە قوربانی ئایدیۆلۆجییەکی دیکە؟ کلاسیک لەباری شێوازدا تێکدەشکێنن، دەرگیری ئاوەز نەبوون؟ پێم وایە هەردووکی دەبێت لە بەرچاو بگیرێت، ئەرێنی و نەرێنی، لە سەرەوە ئاماژەیەکم پێداوە کە شیعری ئەمڕۆ لەباری ڕووخسار و پێکهاتەکانی گەلێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لەپاڵ ئەمەشدا، بەدەر نییە لە لایەنی خاڵی لاواز. شیعری ئەمڕۆمان پرسێکە تەنیا ڕووی لە گەنج نییە، ڕاستی خۆ هەتا ئێستاکە بەدرێژایی نیو سەدە، شاعیرانی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات لە ژیاندا هەنە و دەنووسن، چەندە لەگەڵ گێرمە و کێشەدا بەرخود دەکەن، چ پێشکەش دەکەن؟ بەڵام ئەو نەوە نوێیە هەڵگری ڕووخساری تایبەت بە خۆیانن بە بەراورد بە دوو دەیەی پێشتر، (مەبەستم لەو دوو دەیەی سەدەی بیستویەکەم)ـە. ئەو سیزیفە تێکشکاوە دوو جۆرە: جۆرێک لە شاعیر هەیە؛ ورد و خاش بووە بە دەست پەرەسەندنە تەکنۆلۆجیاییەکان و پێکدادانی شارستانێتییەکان لەنێو تەکنۆلۆجیادا کە وەک گوندێک بچووک بۆتەوە، قەڵەباڵغ، کەس فریای بینینی هەموان ناکەوێت، کەس گوێبیستی دەنگی هەموان نابێت، لەنێو ئەو قەڵەباڵغییەدا هاتوهاوار و ناڵەی هەموو شاعیرێک/ هاونیشتمانێک نابیسترێت. جۆرێکیشیان؛ لە نائارامی ئەو دۆخەدا، لەنێو کەتوارێکی سەپێنراودا بۆ کەتوارێکی دیکە دەڕوانن کە جیهانێکی تازە لە شیعری تازەیاندا وێنا بکەن. شاعیر هیچکات لەنێو شیعرێکدا ناتوانێت دنیا بە تەواوی وێنا بکات، چۆن کەتوار بەردەوام بەرکەوتن و وەرگرتن و فڕێدانە دەرەوەیە؛ بۆیە هەمیشە نیگەرانە بۆ ئەوەی پەرتەوازەیی خۆی وەک سیزیفێکی تێکشکاو خڕ بکاتەوە و بۆ لووتکەی شیعر بڕوانێت، هەمیشە لە دڵەڕاوکێدایە و دەیەوێت لە شیعرێکی دیکەدا لە دایک بێتەوە. نەک شیعری ئەمڕۆ، بگرە شیعری سەدەی بیستیش تێکڕا لە خۆڵەمێشی خۆی هەڵناستێتەوە (بە شێوەیەکی گشتی) بەڵكوو لەنێو ئەو هەموو شاعیرانەدا چەند شاعیرێک دەبێتە قەقنەس، یان چەند شیعرێکی شاعیرێک دەبێتە قەقنەس. شاعیر ئەگەر بیزانیایە شیعری نەمریی/ جاویدانی بنووسێت لە هەموو ساتێکدا، چ پێویستی بەو نائارامی و پەرتەوازەیی و تێکشکاندن و نائارامییەی ڕۆحی خۆی دەکرد! شاعیرانێک هەیە، دەیانەوێت هەموو گەردوون لە باوەش بگرن و بە دوای هەموو نهێنییەکانی شیعردا بگەڕێن. خۆی نووسین بەرهەمی ئاوەز و بیرە، تا نەچێتە گومانێکی قووڵەوە، سەرچاوەی ڕاستی نادۆزێتەوە. ڕاستی، دەنگێک بێت، دەست بکاتەوە بە ترپە و سەرلەنوێ بۆ نووسین تێهەڵچێتەوە.

هەروەها، دەربارەی بەشی پێنجەمی پرسیارەکەتان، کە دەڵێت: (بە هەرحاڵ، چی وایکردووە خوێنەری ئێستای شیعر کەمتر خۆشحاڵ بێت لەوەی لە لای قۆناغ و نەوە ئەدەبییەکەی تردا دەبینرا؟ ئاخۆ ئەمە تاوانی گۆڕانکارییە خێراکان و سەردەمەکەیە، یان بێدەسەڵاتی شیعرە لە دەروەست بە جیهان؟)

ئەگەر وەک تراژیکۆمیدی لێی بڕوانین، جاران لە شارێکدا شاعیرێکت دیبا دەیانگوت: فڵان شاعیر بێرەدا تێپەڕی! ئێستا شاعیر لە ماڵی خۆشی تێپەڕ ناکات؛ چۆن هەموو ماڵێ بە دنیا مەجازییەکەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، شاعیرۆکەیەک خۆی قیت کردۆتەوە! لێرەوە دەمەوێت تێڕوانینی خۆم بەیان بکەم کە لەپاڵ گەشبینیدا دۆخ و کەتواریش وەک ڕەشبینی بەر باس بدەم. لە کێڵگەی شیعری کوردیدا ئەگەر بە لایەنی ڕەشبینییەوە باسی بکەین هەر ڕاستە و ئەگەریش بە لایەنی گەشبینییەوە لە وزەی گەنج بڕوانین دیسانەوە هەر ڕاستە. هۆکارەکەی لێرەدا لەگەڵ کەمی و زۆری شاعیردا دەرگیر بووین. بە سادەیی: هەموو میوەیەک تامی خۆی هەیە، تا میوەخۆر لەگەڵ میوەیەکی تازەدا ڕادێت دەبێت چەند دانەیەک بخوات! ئەگەر سەیری لیمۆ بکەین، زیاتر لە بابەتی گشتیدا ئامادەیی هەبێت، چ وەک خواردن بێت چ وەک زەڵاتەیەک دەپاڵ خەیار و تەماتەدا تێکەڵ بکرێت و تامی خۆی پێ بدات؛ بەڵام لەولاوە بە تێپەڕبوونی کات، جووڵە و بیری مرۆڤ بەرانبەر تام، گۆڕانی بەسەردا هاتووە، مرۆڤ بیری کردۆتەوە پرتەقاڵ بەرهەم بهێنێت و دواتر لالەنگی و دواتریش سندی… قۆناغ لەدوای قۆناغ، لە ڕێی موتووربەی میوەوە، میوەیەکی تری بەرهەم هێناوە و دواتر ڕاستەوخۆ بە تێپەڕبوونی کات، مرۆڤ ڕاهاتووە بە تام. ئەگەر ئێستاکە سەیری لیمۆ و سندی بکەین ڕووخساریان جیایە، ڕاستییەکەی تامشیان جیایە، تەنانەت هەندێک کەس ڕانەهاتووە بە تامی سندی. نموونەی موتووربەی میوەی کۆخ و هەنجیر، میوەی کۆخەنجیر هاتۆتە بەرهەم. جا لێرەوە بۆ شیعری ئەمڕۆ درێژ دەبینەوە و لێی دەڕوانین، ئاخۆ بە تەواوی خوێنەر بەرکەوتنی لەگەڵ شیعری نوێدا هەیە؟ هەموو یان بەشێکی نوێی خوێندۆتەوە؟ بەپێی دۆخی چەقبەستووییی کولتوور و تێڕوانینی بۆ چێژ خوێندویەتییەوە یان خودی کەتواری دەق؟ ئەو پرسانە گرنگن بەر باس بدرێت، چۆن ئەو لێڵبینییەی بەرانبەر شیعری ئەمڕۆ هەیە، هەرگیز بەرانبەر شیعری پێشتر نەبووە. هۆکاریش لە سەرەوە ئاماژەیەکم داوە کە شیعری ئێستا خێرا لە گۆڕاندایە، بابەت لەدوای بابەت دەبێتە کەتوار و کەتواریش فەرامۆش دەکرێت. هونەری شیعر بە هونەری شیعر جێ چۆڵ دەکات، شێواز لەدوای شێواز خۆ بە شیعردا دەکات؛ بەڵام پێشتر بە سەدە یان دوو سەدە گۆڕانێکی بچووک لە شیعردا ڕوویداوە و بەپێی کات وەرگیراوە. ئێستاکە گەنج کە بەشێکی کۆمەڵگەی سەرەکییە، زۆرێک لەگەڵ زمان و وێنە و خەیاڵ و پەیام و بابەتی شیعری ئەمڕۆدا بەرخود دەکەن. بابەتی چێژ شتێکە نابێتە پێوانە بۆ دەق! کەتواری ئەمڕۆ واناخوازێت هەموو ڕۆژێ بۆ پرچی یار شیعر بنووسین، چ بۆ ژیان دەنووسین و چمان لە ژیان دەوێت. بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە ڕاست بکەمەوە و کە پێویستە جارێکی دیکه لە ڕوانگەی گشتییەوە ئەو پرسە بەر باس نەدرێتەوە، چۆن لە ئەنجامی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینتەرنێتەوە لە دایک بووە نەک خودی خوێنەر لەگەڵ پەڕتووکی شیعری. نەک شیعری گەنج، ئەو شاعیرانەی چل پەنجا ساڵە دەنووسن و شیعرییەتیشیان پڕە، کەمتر دەخوێندرێتەوە بە بەراورد شیعری سادە. بۆ نموونە من لەتۆ دەپرسم پەڕتووکی گەنجێک کە خۆتان ئاگادارن سێ جار چاپ کرایەوە لە مانگێکدا، لە ۲۰۱۹، بەنێوی (ن. س) بە تیراژی ۱۱ هەزار! شیعریش نا، میعرنامە بەنێوی شیعری موبایلنامە لە کاتبەسەربردنی شەوانەی دوو گەنج! لەکاتێکدا شیعری کاک بەختیار عەلی بە تیراژی هەزار دانە، خودی شاعیری ڕاستەقینە و خوێنەری ڕاستەقینە نەبێت، شاعیری ساختە و خوێنەری کوشندەش نایکڕێت. ئەمە گرنگە باس بکرێت تاکوو هۆکاری دۆخ و کەتوار بزانرێت و ڕوون بێت لای خوێنەر. بۆیە پرسەکە ئەوەیە خوێنەری بە تەنیا تۆری کۆمەڵایەتیی ئینتەرنێت خوێنەرێکی کوشندەیە. ئەوە بزانە ساڵانە حەوتسەد پەڕتووکی شیعری چاپ دەبێت! تیراژی پەڕتووک (٥٠٠) دانەیە! کەواتە بەس شیعرنووسەکان پەڕتووکی یەکتر بخوێننەوە، چاپی دووەمیش دەکرێتەوە، لە ڕێی چاپی دووەمیشەوە خوێنەرێکی زۆرتر دروست دەبێت. هۆکار زۆرن بەر باس بدرێن. بۆ ئەوەی لە چێژ تێبگەین لەمڕۆدا. یەکێک لەوانە، پەیوەندییە نەک خودی دەق. ئینجا تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینتەرنێت هەم ژەهری بەسەر شیعری ڕاستەقینەدا ڕشتووە و هەمیش ئەو دەقە ڕەسەنە خەڵک کەمتر دەستی بۆ دەبات. مرۆڤ لەمڕۆدا (دەڕوانێت، دەبینێت، دەبیسیتێت) کەمتر (تێڕامان و قووڵبوونەوە)ی هەیە، چێژ لە نێوان ئەو دوو بەرداشەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. من یەکسان نیم بەو بەختەی کە سۆفۆکلیس و ڕامبۆ و نالی و هێمن و هتد… هەیانبوو! بۆیە نووسین زۆرە و خوێنەری پەڕتووکی شیعریش کەم، ئینجا خوێنەریش کاتی کەمە و پێی دەچێت تا شیعرێکی ڕاستەقینەی بۆ دەدۆزرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکرێت نەخوێندنەوەی زۆری شیعر لەمڕۆدا بۆ خراپی بگەڕێننەوە، تۆڕی ئینتەرنێت دوو کاری کردووە، هەم زۆربەی کردووە بە شاعیر و هەمیش خەڵک لە تۆڕی ئینتەرنێت شیعر دەخوێنێتەوە، بۆیە ناچێت پارە بە پەڕتووکی شیعر بدات. ئەو بەختەی بۆ باڵووڵی ماهی هەبووە کە هاڕونە ڕەشید هەموو جارێ بەدوایدا ناردووە گوێی لێ بگرێ و لەگەڵ ئەوەشدا سزای بۆ دەرکردووە، بەڵام ئەوکات هەموو خەڵک باڵووڵی ماهی نەبووە! ئێستاکە هەمووی دەیانەوێت لە شیعردا وەک باڵووڵی ماهی، شێتی خۆیان نمایش بکەن، بەڵام کەم سەیری ئەو شێتییە دەکرێت! بە واتایەکی تر، جاران، شاعیرێک لە شارێکەوە هاتبا بۆ شارێکی تر، دەیانگوت فڵان شاعیر هاتووە، ئێستاکە هەموو شوێنێک و ماڵێک شیعرنووسێکی هەیە، ڕاستییەکەی ڕێک شاعیری لێ نییە! ئەو پرسەی خۆشحاڵی و چێژ ئێستاکە شێوێندراوە، وەک ئەو کەسەی بۆ نوێنەرایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت. دەبێت ئەو پرسە ڕاست بکرێتەوە، شیعر لەکاتی خۆیدا کار دەکات. ئەگەر هێز و زمانێکی نەمرێتی بدەیتە پاڵی. چێژ شێواوە، ڕاستی بە ڕوانگەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بیدەینە بەر باس یان خودی چێژی دەق و خۆشیی دەقەوە، ئەوە چشتێکی ترە. هێشتا وەڵامی پرسیارەکەم نەداوەتەوە، ئەمە تەنیا وەک ڕوونکردنەوە لەو کەتوارەدا بەر باسمدا، تا بزانین ئێمە لە چ دۆخێکداین.

شاعیرەکان وەک قونچکە جگەرەیان لێ هاتووە، بە دەم ڕۆژگارەوە؛ دەکێشرێن و فڕێ دەدرێن. ئەوەی زۆر وردبینە: هەردەم پاکەتێکە و تازە هەڵدەپچڕێتەوە و خۆی دەکێشێتەوە؛ یان لە وێنەی دووکەڵەکەیدا جارێکی دی خۆی دەکێشێتەوە. ئەوەی کورتبینیشە: لە قونچکە جگەرەکەدا، بۆ مردنی خۆی دەگەڕێت.

 یەکێک لەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی شیعری نوێ بۆتەوە ئەوەیە کە پێیان وایە ڕازیبوون بە کەتواری نوێ خزمەت بە مرۆڤ ناکات، بەڵکوو شیعڕێک دەبێت کە مرۆڤ دەکاتە ئامێر، لەژێر هەڕەشەی شتی نوێدا مرۆڤ خۆی بیر دەچێتەوە بڕوانێتە خۆی. ئەوانەی کە پێیان وایە شیعری هاوچەرخ لە بۆشاییدا دەژی، ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕەنگە خۆیان لە بۆشایی دنیای نوێدا بژین. شیعر هەڵبژاردەی کەمینە و زۆرینە نییە، هەڵبژاردەی خودی کەتوار و بابەت و شیعرییەتی خۆیەتی، نەک جەماوەر لە دەوری کۆ ببێتەوە. دەبێت بپرسین جەماوەر کێیە؟ شیعر لیستی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی نییە، شیعر دەرکەوتەی خۆی هەیە لەنێو دەرەکات، نەک شوێنکەوتەی ڕووداو و کارەکتەر بێت و کات تێیدا خۆی نیشان بدات. شیعری هاوچەرخ، بۆ ئەوەی دەرگیری کات نەبێت، دەبێت خۆی کات لەنێو خۆیدا دروست بکات. شیعری کۆن، ڕەنگە هەرگیز چێژی خۆی لە دەست نەدات، بەڵام ئەگەر سیستەمی ئەو شیعرە دنیابینینی تێدا نەگۆڕین، گۆڕان لە ڕەگوڕیشەی بیرماندا ڕوونادات. بێ جووڵە دەبین و گوێگرێکی وەستاو دەبین.

بزاڤی نوێخوازی و ئەوانیتر… لەژێر هەر گرووپ و ڕەوتێکدا، لەژێر هەر ناوێکی شێواز و ڕێبازی نوێدا، نابێت لە بابەتدا شیعرییەت بکاتە دەرەوە. وەختێک نووسەر ڕەچاوی شیعرییەتی کرد، لە بابەتدا، پەیام و ناوەڕۆکی لە بەرچاو گرت، زمان و بیر خۆی لەگەڵ خوێنەردا دەگونجێنێت، ئەگەر خوێنەریش بیەوێت لەگەڵ کەتواری نوێدا مامەڵە بکات. شیعر بەدوای جەماوەردا ناگەڕێت، بەڵکوو ئەوەیە چۆن لێی تێبگەین. شیعری نوێ، بە تەنیا پەیوەندی بە شەپۆلی هەڵچوون و داچوونی دۆخەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی هەیە بە ئاستی ڕۆشنبیریی گشتییەوە تا چەند تێیدا خەڵک بەرانبەر شیعری نوێ، خۆی گۆشەگیر نییە! هەڵبەت گۆشەگیریی شیعر پەیوەندی هەیە بەو کۆمەڵگەیەی کە چۆن لە چێژ دەڕوانێت، چێژ لای ئەو چییە. چۆن پێش ئەوەی چێژوەرگرتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جودابێت، تێڕوانین و خوێندنەوە لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر، هەروەها خوێندنەوەی کەسێکی کورد لەگەڵ کەسێکی ئەمریکی بۆ هەمان دەق، تایبەتمەندی چێژ دەگۆڕێت. بۆ نموونە: وەرگرتنی مانا و چێژ بۆ شیعری نالی لای خوێنەری کورد هەمان وەرگرتنی مانا و چێژ نییە بۆ شیعری نالی لای خوێنەرێکی ئەمریکی؛ بە پێچەوانەشەوە، تێگەیشتن و چێژوەرگرتن لە شیعری (هۆڵدەرلین) لای ئەڵمانیزمانێک هەمان چێژوەرگرتن و تێگەیشتن نییە لای خوێنەرێکی کورد بۆ شیعری هۆڵدەرلین. ئەمەش پەیوەستە بە سێ هۆکار: یەکەم؛ زمانی سەرەکی دەق. دووەم؛ تێڕوانی دیاردەناسییانە. سێیەم؛ چێژ وەک کەتواری کولتوور. چۆن لەمەڕ ئەوەشەوە وەرگر وەک (خوێنەر، گوێگر و ڕەخنەگر) چێژ و بەهای دەق دیاری دەکات، وەک جەمسەری سێیەمی پڕۆسەی نووسین. (بابەتی چێژ و وەرگر، بابەتێکی هێجگار ئاڵۆزە و لێرەدا جێی نابێتەوە.)

 

 

 

 

 

[1]. ئایا نووسینی شیعری بوونی هەیە؟: ڕۆلان بارت، و. فازڵ مەحموود. گۆڤاری شیعر، ژ. ٩، ل. ٢٤٩، ٢٠٢٠.

[2]. نامەکانی شێرکۆ بێکەس، تاڤگەی وشە و هەڵوێست: کامەران سوبحان، کتێبی دووەم، چاپخانەی سەردەم، چ١، ٢٠١٨، ل. ٣٠.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا