پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاسایشی هەولێر سێ کەس بەتۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک دەستگیر دەکات، خێزانی کوژراوەکە یەکێکە لە تۆمەتبارەکان
دوێنێ ئێوارە 23ی حوزەیران، ئاسایشی هەولێر لە تاوانێکی کوشتن لە دەورووبەری شاری هەولێر لە نزیک گۆڕستانی عەبدولعەزیز لە دووزتەپە ئاگادارکرانەوە، دوای گەیشتنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیس بۆ شوێنی تاوانەکە، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و بەدوای هۆکار و ئەو کەسانەشدا دەگەڕێن کە تاوانەکەیان ئەنجام داوە.
سێ کەس بە تاوانی کوشتنی هاووڵاتییەک لەلایەن ئاسایشی هەولێر بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیر کران، بەپێی زانیارییەکان تۆمەتبارێک هاوڕێی زیاد لە پانزە ساڵی کوژراوە و هاتوچۆی ماڵی یەکتر دەکەن، تۆمەتبارەکە خۆی ئاشکرای کرد کە پانزە ساڵە هاتوچۆی ماڵی کوژراو دەکات، دواتر لەگەڵ خێزانی ئەو هاوڕێیەی پەیوەندیان دروستکردووە و بەڵێنیان بە یەکتر داوەکە بۆ یەک بن و هاوسەرگیریی لەگەڵ یەکتر بکەن دوای کوشتنی مێردەکەی، دەڵێت، هەر لەبەر ئەوە پیلانی کوشتنی هاوڕێکەم لەگەڵ ژنەکەی دانا.
خێزانی کوژراوەکەش کە پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێی مێردەکەی داناوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ بکات دوای کوشتنی مێردەکەی، وتی: لەگەڵ ئەو کوڕەی پەیوەندیمان دانا، پیلانمان دانا مێردەکەم بکوژین، دوای ئەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ یەکتر بکەین.
تۆمەتباری سێیەمیش کە تاوانی کوشتنەکەی ئەنجام داوە، گێڕایەوە و وتی، ئەو تۆمەتبارەی پەیوەندیی لەگەڵ ژنی کوژراوەکە هەبوو، پەیوەندیی پێوە کردم کە دەیانەوێت مێردی ئەو ژنە بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل بکوژم، دواتر کە بە ئۆتۆمبێل نەمانتوانی بیکوژین، بە شەش هەزار دۆلار ڕێککەوتین بە چەک بیکوژین.
ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، تۆمەتبارەکە بە چەکی جۆری دەمانچە مێردی ژنەکەی کووشتووە، بەڵام دوای یەک کاتژمێر لە ئەنجامدانی تاوانەکە، هەر سێ تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و پۆلیس دەستگیر کران و لە لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیان نا.