سبەی یەکەم کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە بۆ عێراق

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەستپێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کردووە، سبەی هەینی یەکەم کاروانی حاجییانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی جەددەوە دەگەڕێنەوە وڵات.

ڕۆژی پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024 وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی یەکەم کاروانی گەڕانەوەی حاجییانی عێراقی لە سعوودیەوە دەست پێدەکات، دوای ئەوەی فەریزەی حەجیان ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ڕۆژانە لە فڕۆکەخانەی جەددەوە، حاجییان دەگەڕێننەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوەکو 24ی ئەم مانگەش ڕۆژانە دوو گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی گەڕانەوەی هەموو حاجییان لە هەردوو فڕۆکەخانەی مەدینەی منەوەرە و جەددە بەردەوام دەبێت و گەڕانەوەی دوا کاروانی حاجییان لە ڕێگەی فڕۆکەوە لە 3ی تەمموز دەبێت.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا