لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2011ی سوریاوە، نێوانی تورکیا و سوریا بە قۆناغی دژواردا تێدەپەڕێت و بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سوریا بە رەهایی دیداری ئەردۆغان رەتدەکاتەوە، سەرۆکی سوریا پێیوایە تورکیا رووداوە ناوخۆییەکانی سوریای قۆستۆتەوە بۆ داگیرکردنی خاکی سوریا و چەندان گروپی چەکداری جیاجیای لەسەر خاکی سوریا بە درێژەیی 63٪ی سنووری نێوانیان درووستکردووە، نەک هەر ئەوەندە بەشار ئەسەد پێیوایە تورکیا بەشێکە لە درێژەدان بە ئاڵۆزییەکانیش لە سوریادا.
لەلایەکیتریشەوە، لەگەڵ هەموو ئەو سەرکەوتنانەی کورد لەخۆرئاوای کوردستان بەدەستیهێناوە، هێشتا تێڕوانینی ئەسەد جیاوازە لە ئەردۆغان بۆ کورد و پرسی سەربەخۆیی کانتۆنەکان و دەسەڵاتی خۆسەری لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەدواین بابەتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشەوە، ئەسەد پێیوایە مەترسی راستەقینە تموح و جوڵەی تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانێتی.
لەدوای ئەو مێژووەوە (رووداوەکانی 2011ی سوریا) هەوڵ هەیە بۆئەوەی دیداری لووتکە لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریادا ببەسترێت، بەڵام لە 13 ساڵی رابردوودا، بەشار ئەسەد تەواوی ئەو هەوڵانەی رەتکردۆتەوە لەو پێناوەدا دراون، دیارترین هەوڵێکیش لەو بارەیەوە درابێت هەوڵی سەرۆکی روسیا (ڤلادیمێر پوتین) بووە، هەمووجارەکان مەرجی سوریا ئەوەیە “تورکیا دەستبەجێ خاکی سوریا جێبهێڵێت و گروپە چەکدارەکانی خۆی لە سوریا بباتەدەرەوە”.
لە رۆژانی رابردوودا کە پرسی هەڵبژاردنەکانی خۆرئاوای کوردستان هاتەگۆڕێ، دیسان ئەردۆغان پەیامێکی نوێی بۆ هاوتا سوریاییەکەی ناردووە و داوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی کردووە، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە ئایا لەم دۆخەدا بەشار ئەسەد داواکەی ئەردۆغان قبوڵ دەکات و هەردوو سەرۆک کۆمارەکە کۆدەبنەوە یان نا؟ ئەوەشی لە هەوڵی ئەمجارەدا غیابە و نییە ئەوەیە کە هیچ وڵات و هێزێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هەوڵی رێکخستنی لووتکەی نێوانیانی نەداوە.
میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە، هەوڵی ئەمجارەی ئەردۆغان بۆ شکستهێنانە بە هەڵبژاردنەکانی خۆرئاوا کە لەسەر داوای ئەمریکییەکان لە 11ی حوزەیرانەوە دواخراوە بۆ 5ی ئابی داهاتوو.
بەرپرسانی خۆرئاوای کوردستان لەو بارەیەوە پێیانوایە، ئەردۆغان دەیەوێت کارتی کوردەکان بکاتە بیانوو بۆ رازیکردنی ئەسەد بۆئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بەڵام ئەسەد لە 6 جاری پێشوودا یەک مەرجی هەبووە و پێناچێت ئەم هەوڵەش بۆ ئەردۆغان سەربگرێت.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد