بۆسكێس بۆ ڕۆژنامەنووسان دەدوێت

پۆڵەتیك: سپۆڕت
بڕیارە ئەمشەو سێ‌ شەممە لە چوار چێوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی یۆرۆ نەیشن هەردوو هەڵبژاردەكانی لاڕۆخای ئیسپانیا و هەڵبژاردەی ئۆكرانیا ڕووبەڕوو ببنەوە لەو بارەیەشەوە شەوی ڕابردوو دووشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا سێرجیۆ بۆسكیس نێوەندكاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بەرشەلۆنەی كەتەلۆنی بۆ میدیاكاران دووا.

بۆسكێس ڕایگەیاند: (خۆشحاڵم زۆر دۆخم باشە لە ڕێزی هەڵبژاردەی میللی دا بوونم هەیە ئەمە پەیوەستە بە دۆخی تاكە كەسی یاریزانەوە ئەوەی لە بەرشەلۆنەش دەگوزەرێت هیچ پەیوەندی بە ئێرەوە نییە من لێرەم ئەگەر ڕاهێنەر داوای لێ‌ كردم بەرامبەر ئۆكرانیا یاری بكەم ئامادەم ئەگەر داوای نەكرد من هیچ كێشەیەكم نییە ئێستا ئەوەتا بەردەوامم بۆ داهاتووش نازانم كەسیش نازانێت).

لە بەشێكی تری كۆنگرەكەدا ئەو یاریزانە پشتگیری ڕەخنەكانی كیڤن دیبڕۆینی بەڵجیكی كرد و وتی: (لە سەدا سەد لەگەڵ قسە و ڕەخنەكانی دیبڕۆینم، چونكە ئەجیندای یارییەكان و دواتر گەڕانەوە بۆ یانەكان زۆر قەرەباڵغە و زۆرن یاریزانەكان تووشی پێكان دەبن هیلاك دەبن هەموو ئەمانەش زیان بە یانەكان دەگەیەنێت لە داهاتوودا).

سەبارەت بە دۆخی بەرشەلۆنە ڕایگەیاند: (من لە سەرەتاوە وتم لێرەم بۆ قسە كردن لە سەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەڵام پرسیارەكان هەر دەچنەوە سەر بەرشەلۆنە بەڵێ‌ دۆخەكە خراپ بوو هەموومان ڕەخنەمان ئاراستە كرا وەرزێكی سپیمان بەڕێ‌ كرد، بەڵام لە ئێستادا هێورترین و گەڕاوینەتەوە بۆ نێو كێبڕكێكان و هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ باشتر پێشكەش كردن).

لە كۆتاییشدا سەبارەت بە هەڵبژاردەی ئۆكرانیا وتی: (ئەوان هەڵبژاردەیەكی ناوازەن كەس ناتوانێت بڵێت ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوان بۆ ئێمە ئاسانە دەبێت بە هەموو توانا و ئاگاییمانەوە بەرامبەریان ببینەوە و هەوڵی تۆمار كردنی بردنەوە بدەین).

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا