خەونی فڕین بۆ ژنان‌ و كچانی عێراقی قەدەغەیە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
هیبە محەمەد كچێكی عێراقی تەمەن ١٩ ساڵە، دەیەوێت لە شوێنێكدا بژی تێیدا بتوانێت بە ئازادی و بەشێوەیەكی سروشتی لەفەیەكی فەلافل لەیەكێك لە چێشتخانە قەرەباڵغەكانی نزیك شوێنی كارەكەی لەناوچەی سەعدون لە بەغدا بخوات و تەماشای رێبواران بكات، بەبێ ئەوەی ناچاربێت خۆی لە ئۆتۆمبیلەكەیدا بشارێتەوە.

هیبە دەڵێت: رەنگە ئەم هیوایە بۆ زۆرێك لە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە، كە پڕە لە كێشەی گەورە بابەتێكی بێبەها بێت، بەڵام لە راستیدا خەمباركەرە و لەڕێیەوە دەتوانیت لەو جیاكارییانە بڕوانیت، كە كچان ئەزموونی دەكەن گەر لەماڵەوە بن، یان لە شەقام و شوێنی كار.

هیبە دەزانێت ئەم بابەتە پەیوەندی بەدابونەریت و لایەنی كۆمەڵایەتی عێراقەوە هەیە، دەشڵێت: خواردن سەرەتاییترین مافی مرۆڤە، بەڵام هەر كاتێك لەسەر عەرەبانەیەكی سەر شەقام لەفەیەك بخۆم، ئەو چاوانەی تەماشام دەكەن ئەو تێگەیشتنەیان تێدایە، كە كچان دەیانەوێت بە شێوەیەكی جیاواز رەفتار بكەن وەك ئەوەی بوونەوەری جیاواز بن.

١١ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك، نەتەوە یەكگرتووەكان بەبۆنەی رۆژی جیهانی كچانەوە ئاهەنگ دەگێڕێت، بەڵام لە هەمان كاتدا، كچانی عێراق بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕن.

هیبە ئاماژە بەوە دەكات، كچانی عێراق بە نزیكەیی لە هەموو شتێك بێبەشن، هەر لە نەبوونی ئازادی كار و خوێندن و پیاسەی سەرشەقامەوە بیگرە هەتا چێژی رۆڵبینینی سەركردایەتی كۆمەڵگاكانیان، دەشڵێت: بیهێنەرە پێش چاوت، كچێك بە ئازادی نەتوانێت نانێك بخوات داوای پۆستێكی سەركردایەتی و دیاریكردنی داهاتووی خۆی بكات، یاخود داوای مەودایەكی كەسی بكات تا كەس دەست لە ژیانی وەرنەدات.

 

كچانی عێراق بە نزیكەیی لە هەموو شتێك بێبەشن

 

بەر لە هەفتەیەك، كچێكی عێراقی لە پارێزگای ناسڕیە، لەدوای ئەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەی كۆتایی خوێندنی وەرگرتەوە، خۆی سوتاند.

لەو بارەیەوە وەسەن عەتابی شارەزا لە بواری زانستە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان دەڵێت: كچان لە عێراق دووچاری فشاری ترسناك دەبنەوە.

هەزاران كچی عێراقی لە كەمپی ئاوارەكاندا و لەدوای داگیركردنی ناوچەكانیان لە عێراق لەلایەن رێكخراوی چەكداری داعشەوە لەدۆخێكی سەختدا دەژین، داعشییەكان زیاتر پیاوانیان دەكوشت، هەڵدەستان بە فرۆشتن و دەستدرێژی كردنە سەر ژمارەیەكی زۆر لە كچانی ئێزیدی و مەسیحی.

نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات، ٪٨٠ی منداڵانی عێراق بەدەست توندوتیژی ناوماڵەوە دەناڵێنن، هاوكات، رێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە كەمپی ئاوارەكاندا لە ئاستێكی باڵادایە.

عەتابی دەشڵێت: ئەو فشارە گەورانەی هەموو عێراقییەكان بەرگەیان دەگرن لەوانەش هەست نەكردن بە پارێزراوی، لەدەستدانی ئامانج و گرنگیدان بە داهاتوو، یان ترس لە توندوتیژی و چەوساندنەوە، لەو كچانەدا دوو هێندەیە كە سەرباری ئەو فشارانە، فشاری دیكەی وەك توندوتیژی خێزان و دەستدرێژی و جیاكارییان لەسەرە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات، كچانی عێراق بێبەشن لە هەموو چالاكییەكانی كاتبەسەر بردن، كە یارمەتیدەرن بۆ رزگاربوون لەو فشارانەی لەسەریانە یاخود كەمكردنەوەیان.

رۆژی یەكشەممە ١١ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لە بەیاننامەیەكەدا نەتەوە یەكگرتووەكان داوای بەرەنگاربوونەوەی جیاكارییە رەگەزییەكانی لە عێراق كرد، هاوكات داوای كرد هەلی خوێندن و بەدەستهێنانی كارامەیی بۆ كچان زیاتر بەردەست بكرێت.

لێخوڕینی فڕۆكە
فەرەح عەبدولكەریم، خوێنكارێكی عێراقییە و هیواخوازە ببێتە فڕۆكەوان، ئەو پیشەیەی بەگشتی كچانی عێراق كاری تێدا ناكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دیار نییە حكومەتی عێراق، كە خاوەنی هێڵی فڕۆكەوانییە رێگە بدات بە دامەزراندنی كچان وەك فڕۆكەوان و كاركردن لە بواری فڕۆكەوانیدا.

فەرەح دەشڵێت: من لە زانستی فیزیا و بیركاریدا نایابم، تەندروستیشم زۆر باشە و چاوەكانیشم زۆر بە باشی دەبینن، بەڵام خێزانەكەم منیان خستووەتە كۆلێژی پەروەردە هەتا لە داهاتوودا ببمە مامۆستا یان هەر لە ماڵەوە دانیشم.

 

من لە زانستی فیزیا و بیركاریدا نایابم، تەندروستیشم زۆر باشە و چاوەكانیشم زۆر بە باشی دەبینن، بەڵام خێزانەكەم منیان خستووەتە كۆلێژی پەروەردە هەتا لە داهاتوودا ببمە مامۆستا یان هەر لە ماڵەوە دانیشم

 

 

كچانی عێراق بە ئاستێكی باڵا بەدەست كێشەی هاوسەرگیری پێشوەختە دەناڵێنن، لەو بارەیەوە زیكرا عەلی پارێزەر دەڵێت: مانگانە لە دادگاكانی بەغدای پایتەختی عێراق، دەیان كچ لەنێوان تەمەنی ١٤ بۆ ١٦ ساڵ هاوسەرگیری دەكەن.

زیكرا باس لەوەش دەكات، لەسەر ئاستی وڵاتەكە ژمارەی ئەو هاوسەرگیریە زۆر زیاترە، دەشڵێت: چەندین كچی منداڵ لە تەمەنی ١٢ ساڵدا لە دەرەوەی دادگاكان هاوسەرگیریان پێدەكرێت، ئەوەش بابەتێكی مەترسیدارە، چونكە منداڵان ناچاردەكەن دەستبەرداری منداڵێتی خۆیان بن و دەست بكەن بە چاودێری كردنی ماڵ و منداڵی دیكە.

لینا زاهیر فریاگوزارێكی عێراقییە و یەكێكە لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی عێراق كە بەر لە ساڵێك ئەنجامدرا، لە سەرەتاوە لینا بەڵینی گۆڕانكاری لەگەڵ خۆیدا هێنا، ئەوەبوو بۆ یەكەمجار كچانی عێراقمان بینی كە چێژیان لە یەكڕیزی و رێزی خۆیان دەبینی لە خۆپیشاندانەكاندا.

لینا دەشڵێت: جارێكی دیكە پەیمانمان داوە لەپێناو مافە سەرەتاییەكانماندا بجەنگین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا