پۆڵەتیک پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاژانسی ئاسمانیی نیشتیمانیی چین رایگەیاند، کەشتیی ئاسمانیی “چانگ ئی6″ی بەسەرکەوتووی مانگی بەجێهێشتووە و لە گەڕانەوەدایە بەرەو زەوی، دەشڵێت، کەشتییەکە نموونەی گرنگی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە کە دەشێت ببێتە وەڵامی چەندین پرسیاری زانایان دەربارەی کۆمەڵەی خۆر و گەردوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کەشتییە ئاسمانییەکە ماوەی نزیکەی مانگێکە گەشتی رووە تاریکەکەی مانگی کردووە و لەوێ چەندین وێنە و دۆزینەوەی گرنگی بۆ زەوی ناردۆتەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، کەشتییەکە پاش ئەوەی بەسەرکەوتووی کۆمەڵێک نموونەی لەسەر رووی مانگ لە رۆژانی 2 و 3ی حوزەیراندا کۆکردەوە، کاتژمێر 7:38 خولەکی رۆژی سێشەممە بەکاتی ناوخۆیی چین، بەسەرکەوتووی لەسەر رووی مانگ بەرزبووەوەتەوە و گەشتی گەڕانەوەی بۆ زەوی دەستپێکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئاژانسی “شینهیوا”ی فەرمی چینیش، گەڕۆکەکەی سەر کەشتییە ئاسمانییەکە چەندین نموونەی خۆڵ و بەڵگەی جیۆلۆجیی سەر رووکاری مانگی کۆکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت رۆژئ 25ی ئەم مانگە لە هەرێمی مۆنگۆلیا لە وڵاتی چین بگاتەوە بە زەوی.
کەشتییەکە لە رۆژی 8ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن دەزگای بۆشایی نیشتیمانیی چین بەمەبەستی گەڕان و کنەکردنی رووکارە تاریکەکەی مانگ رەوانەکرا و رۆژی 2ی ئەم مانگە بەسەرکەوتووی لەسەر مانگ نیشتەوە؛ پاش مانەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ، دواجار ئەمڕۆ کەشتییەکە گەشتی گەڕانەوە بۆ هەسارەی زەوی دەستپێکرد.
ئەو نموونانەی کە کەشتییە ئاسمانییەکە بۆ سەر زەوی دەهێنێتەوە گرنگییەکەی تایبەتی بۆ شارەزایان هەیە، بەو پێیەی دەتوانرێت لەرێگەیانەوە وەڵامی چەندین پرسیار دەربارەی سەرەتاکانی درووستبوونی کۆمەڵەی خۆر ئاشکرابکات.
ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت “بەشە تاریکەکەی مانگ” یاخود جەمسەری باشووری مانگ، گرنگییەکی گەورەی بۆ وڵاتانی زلهێزی جیهان هەیە و هەریەکەیان کێبڕکێی گەیشتن بە دیوە شاراوەکەی دەکەن، بەوپێیە بەهۆی سەختی و تاریکی ناوچەکە، هێشتا نەتواندراوە نهێنییەکانی ئاشکرابکرێن،
وڵاتانی زلهێزی جیهان ملیارەها دۆلاریان لە چەندین پرۆگرامی ئاسمانەوانی خەرجەکەن و هیوایان بەوە هەیە کە بتوانن سەهۆڵ یاخود ئاو لەو ناوچانە بدۆزنەوە بەو پێیەی کە ئەو بەشەی مانگ، بەردەوام سێبەرە و هیچ کات تیشکی خۆری بەرناکەوێت.
زانایانی بواری گەردوونی دەڵێن، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە بەهۆی بەرنەکەوتنی تیشکی خۆر لەو ناوچانە، ئاو و سەهۆڵ بوونیان هەبێت.
دۆزینەوەی ئاو لەسەر مانگ، بە مانای دەستپێکردنی یەکەمین گەشتی مرۆڤە بە مەبەستی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی هەسارەی زەوی و دەستپێکردنی ژیانێکی نێوهەسارەیی (Interstellar) نوێیە لەسەر رووی مانگ، چونکە زۆرینەی تیۆرییە زانستییە گەردوونییەکان لەبارەی چونی مرۆڤ و نیشتەجێبوونی لە دەرەوەی هەسارەی زەوی، مانگ بە یەکەمین وێستگەی ئەو گەشتە نێوهەسارەییە دەزانن.
بۆ ئەو مەبەستەش زلهێزەکانی جیهان چاویان بڕیوەتە ئەو بڕە ئاوەی کە ئەگەری بوونی هەیە لە جەمسەری باشووری مانگ و دەیانەوێت وەک سووتەمەنی بۆ مووشەک و کەشتییە ئاسمانییەکانیان بەکاریبێنن لە گەشتەکانی مرۆڤ بۆ دەرەوەی هەسارەی زەوی.