هەژموونی چین لە نەوتی عیراقدا

لەساڵی 2003 تا ساڵی 2007 کۆمپانیا چینییەکان خرابوونە دەرەوەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکی و بریتانیانەی کە گەیشتبوونە عیراق و کاریان لە نۆژەنکردنەوەی عیراقی نوێ دەکرد، بەڵام لە دوای ساڵی 2013ەوە ئەم واقیعە پێچەوانە دەبێتەوە، چین لەو ساڵەدا دەستپێشخەری بۆ دامەزراندنی رێگەی (ئاوریشمی نوێ) کرد کە 65 وڵات پێکەوەدەبەستێتەوە و عیراق یەکێک بوو لەو وڵاتانە و لەو خاڵەوە ئیدی بەرەو کەنداو و خۆرهەڵات کشایەوە.

کەمال دیب دەڵێت : ئەو رۆژەی ئەنجومەنی ئاسایش لەژێر هەژموونی ئەمریکییەکاندا، بڕیاریدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گورزی سەربازی لە عیراقی 2003 بووەشێنن، تەنها دوو وڵات بە ئەندام و نائەندامەوە دژی ئەم بڕیارە بوون، ئەوانیش چینییەکان و رووسییەکان بوون، ئەوەش پشتبەست بە دوو هۆکار:یەکەم: رووسیا و چین پێیانوابوو ئەمریکییەکان دەستدەگرن بەسەر تەواوی بازرگانی و نەوتی عیراقدا و دەرفەت بۆ ئەوان ناهێڵنەوە، دووەم هەر کۆمپانیایەکی چینییش پێش 2003 هاتبێتە عیراق، دەردەکرێن و هەلی کارکردنیان پێنادەن. تا ئەندازەیەکیش وادەرچوو، دوای جەنگی ئازادی کە کۆمپانیاکان دێنە عیراق، هەموویان ئەمریکی و بەریتانی دەبن، جگە لە یەک کۆمپانیای روسی، یەک چینی، یەک کەنەدی.

ئێستا پێگەی کۆمپانیا چینییەکان لەعیراقدا، هەمان پێگەکەی سەرەتای پرۆسەی ئازادی نییە، لە دوای ساڵی 2020ەوە، کۆمپانیاکانی چین لە کەرتی وزەی عیراقدا تا دێت کرانەوەی گەورە دەکەن، لەدوای ئەوە بە ماوەیەک گرێبەستی حەوت ملیار دۆلاری پاڵاوگەی فاو درا بە کۆمپانیا چینییەکان و حکومەتی چین خۆی پاڵپشتی دارایی کارەکانی ئەو پاڵاوگەیە دەکات، هەروەها بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای نەوتی عیراق (سۆمۆ) مانگی حوزەیرانی 2023، رایگەیاندووە کە، کۆمپانیا چینییەکان لە پێشەنگی ئەو کۆمپانیایانەن نەوتی عیراق دەکڕن. هەر بەپێی راگەیەنراوەکانی سۆمۆ بەڵام بۆ ساڵی 2024، لە نێوان 44 کۆمپانیای کڕینی نەوتی عیراق، 12 کۆمپانیایان چینییە کە لە پلەی یەکەمدان و هندییەکانیش پلەی دووەم.

راگەیەنراوەکانی سۆمۆ کە داننانە بە گەورەبوونی پێگەی چین لەناو کایەی نەوتی عیراقدا، واقیعێکیش رووندەکاتەوە، رەنگە عیراقییەکان مامەڵەکردنیان لەگەڵ چینییەکان پێباشتر و ئاسانتر بێت وەک لە هەر وڵات و زلهێزێکیتر کە چاوی تموحی لە نەوتی عیراقە، ئەگەر رێڕەوەکەش بەمشێوەیە لەبەردەم چیندا کراوە بێت پێدەچێت لەچەند ساڵی داهاتوودا بەتەواوی عیراق بچێتەژێر هەژموونی ئابووری چینەوە و داگیری بکات، لەم کاتەشدا ئەو ئەگەرە واریدە عیراق و چین پێکەوە هەنگاو بۆ کاری گەورەتر بنێن بەتایبەت لە پرسی نەوتدا، چونکە ئێستا کۆمپانیا نەوتییەکانی چین لەخۆرئاوای بەغدا و خوارووی عیراق بەردەوامن لەگەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی نەوتی نوێ لە عیراق.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا