تیرۆركردن بەیاسا

(وەڵامێك بۆ چەواشەكارییەكانی دیندار زێباری)
هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی راگوزەری مەترسیداردایە بەدەست ئەو گرووپە حوكمڕانەی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینی لەم كابینەی حكومەتدا كردووە بە ستراتیژ، كارەكانی حكومەت لە دەركردنی بڕیاری پڕ لە سانسۆر بۆ چاپەمەنی، رەفتاری توندووتیژ و نایاساییانەی دەزگا ئەمنییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و خۆپیشاندەران، داخستنی دەزگای راگەیاندن، تا بەكارهێنانی داواكاری گشتی و دادگاكان و ئامادەكردنی پرۆژە یاسای داپڵۆسینەر و دیكتاتۆرانەی وەك یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی، بەڵگەی تەواوكاری ئەو ستراتیژەن.

بۆیە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانیش وەك میكانیزمی جێبەجێ كردنی ئەو ستراتیژە وەڵامی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و ناوخۆییەكان دەداتەوە كە لەبارەی پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ دەنگ هەڵدەبڕن و داوای جێبەجێ كردنی بنەماكانی دیمكراسی دەكەن لە هەرێمی كوردستان.

دوای پێنج رۆژ لە شوێن بزركردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی، لە روونكردنەوەیەكی ناوەڕۆك پر لە پیشێلكاری و بوختان و شاردنەوەی راستییەكان، دیندار زێباری دەیەوێت بەناوی یاساوە كەسایەتی شێروان شێروانی تیرۆر و لەكەدار بكات، و رای گشتی ئامادە بكات بۆ سزادانی قورسی ناوبراو.

بە كورتی ئەم خاڵانە بۆ چەواشەكارییەكانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەخەمە روو:
1- زێباری وتوویەتی ” لە رێكەوتی‌ ٨/١٠/٢٠٢٠ شێروان شێروانی‌ لە پارێزگای دهۆك دەستگیركرا”. راستیەكە ئەوەیە شێروان شێروانی لە رۆژی 7ی 10 لەنێوان كاتژمێر چوار بۆ پێنجی ئێوارە لەماڵەكەی خۆی لەگوندی سێبیرانی سەر بەشاری هەولێر دەستگیركراوە، نەك 8ی 10 لەدهۆك. ناكرێت چەواشەكردن و شاردنەوەی راستی رۆژ و شوێنی دەستگیكردنی شێروانی لەلایەن ناوبراو كە نوێنەرایەتی رای حكومەت و دەزگا ئەمنییەكانیش دەكات بە سادەیی و بێ مەرام وەربگرین، لە كاتێك شێروان لەكەشێكی پر لەترس و تۆقاندنی خۆی و خێزانەكەی و بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشینە دەستگیركراوە.

2- شێروانی كە نیشتەجێی شاری هەولێرە، بردن و گواستنەوەی بۆ شاری دهۆك لەبەرئەوەی سكاڵا یاساییەكەی لەوێیە بیانوویەكی لاوازە، ئەمە هەوڵێكە بۆ‌ دابڕینی ناوبراو لە دەستبەری بەرگری یاسایی و فشاری پارێزەران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی لە هەولێر، هاوكات دابڕینییەتی لەخێزانەكەی كە تائێستا بە فەرمی هیچ وردەكارییەك لەسەر كوڕەكەیان نازانن.

3- ئەو ماددە یاساییەی شیروانی پێ تۆمەتبار و دەستگیركراوە كە ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 21ی ساڵی 2001ی هەمواركراوی هەرێمی كوردستانە، پێشتریش بەهەمان ماددە، تەنیا بەهۆی “نییەتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دهۆك لەساڵی 2019″، بۆ ماوەی 42 رۆژ دەستگیركرا و “چەندین رۆژ لەزیندانی تاكە كەسی ئەشكەنجەدرابوو”.

بەپێی ئەم ماددەیەش “سزا دەدرێت بە زیندانی هەتایی یان كاتی”.
4- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت شێروانی “دانی‌ بەوە ناوە كە ئەو لەسەرچاوەی‌ دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی‌ ئاڵۆزی‌ و پشێوی‌،…، هەروەها بەلاڕێدابردنی‌ ناڕەزایی‌ و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەكان بۆ دروست بوونی‌ توندووتیژی‌، هەروەها هەڕەشەكردن لە دادوەران”.

جگە له رەتكردنەوەی ئەم بوختانە، زێباری و دەزگای ئاسایش، پێویستە بە روونی ئەوە بزانن تۆڵەكردنەوە لە هەڵوێست و نووسینەكانی شێروانی كە چوونەتە دڵی خەڵكەوە و، لە گۆڤاری باشوور لەبارەی زەوییەكان و گەندەڵییەوە نووسی، بەم شێوەیە تۆڵەی لێناكرێتەوە. تەنانەت ئەگەر‌لە ژێر ئەشكەنجە و بەزۆر داماڵینی قسەش ئەم وتە خوازراوانەتانی پێ تۆمار بكرێت و بشهێندرێتە سەر شاشە وەك دۆسییەكانی دیكە، ئەو بۆ ئێمە هەمیشە وەك بەرگریكارێكی مافی مرۆڤ و كەسایەتییەكی ئاشتیخوازی خاوەن بڕوا بە خەباتی مەدەنی دەمێنێتەوه.

كێ سیناریۆكانی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان و هێنانە سەر شاشەی هیشام-ی‌ یاد دەچێت؟

5- زێباری كەوتۆتە هەڵەیەكی گەورەی یاسایی و تایبەت بە سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت “ناتواندرێت رۆژنامەنوس دەستگیر بكرێت تەنها بە فەرمانی‌ دادگا و رەزامەندی‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسان نەبێت”.

ئەم قسانەی رێكخەر لە كاتێكدایە بەپێی بڕگەی یەكەم و دووەم لە ماددەی هەشتی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان، سەندیكای رۆژنامەنووسان “لەكاتی گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر بە رۆژنامەنووس كە بە كارێك تۆمەتبار دەكرێ پەیوەندی بە پیشەكەیەوە هەیە، سەندیكاری لێ ئاگادار دەكرێتەوە”.

دووەم “نەقیب یان ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی جێی دەگرێتەوە بۆی هەیە لەكاتی لێكۆڵینەوە ئامادەبێت” لە دادگا نەك ئەوەی سەندیكا ماف و دەسەڵاتی رەزامەندی هەیە بۆ دەستگیركردنی رۆژنامەنووس.
6- لە وەڵامێكی نایاسایی دیكەیدا بۆ رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لە بارەی داخستنی ئۆفیسەكانی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك و هەولێر، زێباری بە رێكخراوەكە دەڵێت “هیومان رایتس ۆوچ چەند تۆمەتێكی بێ بنەمای خستۆتەڕوو، گوایە حوكمەتی هەرێم ئازادی رادەربڕینی بەرزەفت كردووە”.

ناوبراو لەوكاتەی نیگەرانی خۆی لەوە دەردەڕێت‌ كە رێكخراوەكە وتویەتی “حكومەتی هەرێم بەنایاسایی كەناڵەكەی داخستووە”، لە یادی چووە كە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە راپۆرتەكانیدا لە ساڵی 2008 بۆ 2018 توانیویەتی پێشێلكاری لەبەرامبەر 1580 رۆژنامەنووس تۆماربكات.

بۆیە ئەم تاوان و پێشێلكاریانەی بە ناوی یاساوە دەكرێن لە هەرێمی كوردستان چیتر دەرفەتی شاردنەوەو بەدرۆخستنەوەیان نەماوە.

نیاز عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا