كابینەی نۆ لێبڕین و پاشەكەوتی مووچەی دەستپێكرد

پۆڵەتیك پرێس

پێچەوانەی دروشمەكانی سەرەتای پێكهێنانی كابینەكەی، مەسرور بارزانی خراپتر لە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەستی بۆ قوت و بژێوی ژیانی فەرمانبەران برد، لە دواین پێشهاتیشدا بەیەك بڕیار، پێنج مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كرد.

لەكابینەكانی پێشووی حكومەتدا مووچە پاشەكەوت دەكرا، بەڵام لەم كابینەیەدا كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات سەرەراِی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە هەروەها مووچەی فەرمانبەران بەنزیكەی دوو مانگ جارێك و بە لێبڕینەوە دابەش دەكات.

 

پێچەوانەی دروشمەكانی سەرەتای پێكهێنانی كابینەكەی، مەسرور بارزانی خراپتر لە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەستی بۆ بژێوی ژیانی فەرمانبەران برد

هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران جەخت لەوە دەكەنەوە هاوشێوەی كابینەكانی دیكە، كابینەی نۆی حكومەتیش شكستخواردووەو نەیتوانیووە سەرەتایترین مافی فەرمانبەران كە مووچەكانیانە دابین بكات.

لەماوەی رابردوشدا بەهۆی شكستەكانی حكومەتەوە چەندینجار مامۆستایان و فەرمانبەران خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتیان كرد.

سەرچنار ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “هەرچەندە كابینەی نۆ بڕیاریدا پاشەكەوتی موچە نەكات، بەڵام خراپتری كرد، لە جیاتی پاشەكەوت لێبڕینی بەشێك لەموچەی فەرمانبەرانی كرد، ئەوەش خراپترین بڕیارە، چونكە لە پاشەكەوتەكدا بۆشاییەك دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی داوا بكرێتەوە، بەڵام بۆ لێبڕینەكە هیچ مەجالێك نەمایەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ترسیان لێی هەبوو، ئەو خەزێنە بەتاڵەی حكومەتی هەرێم و خەزێنە پڕەكەی حزب و كۆمپانیاكان بوو، دیاربوو واها بڕیارێك دەدرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت نە چارەنوسی پاشەكەوت و نە چارەنووسی ئەو لێبڕینەی لە موچەدا كراوە دیاربێت.

 

ئەم كابینەیە بێ ئاگایە لەوەی پێشمەرگەو ئەفسەر و مامۆستا و فەرمانبەران و كەسوكاری شەهیدان لە خراپترین دۆخی ئابوریدا دەژین

فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕێ بوون چەند رۆژی داهاتوو مووچەی مانگی چوار وەربگرن، بەڵام وەزارەتی دارایی گەنجینەكانی ئاگاداركردەوە لەوەی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران بەلێبڕینی سەدا 18 دابەش بكەن، بەوەش پێنج مووچە پاشەكەوتكرا.

 

عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێسی ڕوونكردەوە، حكومەت پێویستە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ موچەی فەرمانبەران بكات، هەروەها پێویستە ئەو شایستەیەی كارمەند هەیەتی بەرچاوڕوونبێت چی لێدێت.

 

دەشڵێت، “ناكرێت كارمەند دەوام بكات، بەڵام نەزانێت چارەنوسی موچەكەی چی لێدێت، ئەوەش بەڵگەی نەبوونی پلان و بەرنامەیە لای حكومەت و پێشێلكاری یاساكانە”.

هاوكات پەرلەمانتارانی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دژی بڕیارەكەی حكومەت وەستانەوەو داوایان كرد حكومەت بەو بڕیارەیدا بچێتەوە.

سەركۆ ئازاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، حكومەت ستەم لە فەرمانبەران دەكات و پێویستە بڕیاری پاشەكەوت هەڵبوەشێتەوە، “ئەم كابینەیە بێ ئاگایە لەوەی پێشمەرگەو ئەفسەر و مامۆستا و فەرمانبەران و كەسوكاری شەهیدان لە خراپترین دۆخی ئابوریدا دەژین”.

دەشڵێت، “ئەمە ستەم و تاڵانكارییەكی ئاشكرای مافێكی سەرەتایی موچەخۆرانە و نابێت لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكان و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بێدەنگ بن بەرامبەر بە ئەنجومەنی وەزیران”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا