هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا؛ نیکی هەیلی ئاشکرایکرد دەنگ بە کێ دەدات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەربژێری کشاوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ، رکابەرە سەرسەختەکەی دەدات.

نیکی هەیلی کە پێشتر وەک رکابەرێکی دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆمارییەکان خۆی بەربژێرکردبوو بۆ بوون بە بەربژێری کۆتایی پارتەکەی و رکابەرییەکی سەختی دۆناڵد ترەمپ-ی بەربژێری ئێستای کۆتایی هەمان پارتی دەکرد، لە کۆتاییدا لەمیانی بەشداریکردنی لە گفتوگۆی سەنتەری لێکۆڵینەوەی هیودسن، رایگەیاند کە دەنگی ئەو بۆ دۆناڵد ترەمپ دەبێت.

هەیلی وتی: “کاری لەپێشینەم ئەوەیە دەنگ بە سەرۆکێک بدەم کە پشت لە هاوپەیمانەکانمان نەکات، هەروەها لێپرسینەوە لە دوژمنەکانمان بکات و سنوورەکانمان توندوتۆڵ بکات”. وتیشی: “ناڵێم ترەمپ لەم سیاسەتانەدا سەرکەوتوو بووە. چەندین جار ئەوەم روونکردووەتەوە، بەڵام بایدن کارەساتە. بۆیە، من دەنگ بە ترەمپ دەدەم”.

دۆناڵد ترەمپی 77 ساڵان و نیکی هەیلی تەمەن 52 ساڵ، کۆتا دوو بەربژێری کۆمارییەکان بوون کە رکابەرییەکی توندی یەکتریان کرد بۆ بوون بە بەربژێریی کۆتایی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت. هەردووکیان لە کامپینی ئامادەکاریەکان زۆترین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر و چەندین لێدوانی توندئاژۆ و نەشیاویان بەرامبەر یەکتر بەکارهێناوە.

نیکی هەیلی کە پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ماوەیەکیش پارێزگاری ویلایەتی ساوث کارۆلاینا بووە. ئەو نەیتوانی لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەمریکا دەنگی پێویست بۆ رکابەرییکردنی دۆناڵد ترەمپ بهێنێت و مانگی ئاداری ئەمساڵ لە کێبڕکێکە کشایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا