پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پۆلیسی تاران رایگەیاند، بەهۆی تەقەکردن و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەگەڵ “چەتەیەک” لە گەڕەکی نارمەکی تارانی پایتەخت، سێ کەس لە هێزەکانیان کوژراون.
ئاژانسی تەسنیم-ی فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە، رۆژی دووشەممە، 20ی ئایاری 2024، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی تاران رایگەیاند، شەوی یەکشەممە لە گەڕەکی نارمەکی شاری تاران، رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان چەکدارێک و هێزەکانیاندا روویداوە.
راگەیەندراوەکەی پۆلیس دەڵێت”کاتژمێر 10:00ی شەوی یەکشەممە، 19ی ئایار، دەرچوونێکی پۆلیس هەبووە بۆ گۆڕەپانێکی گەرەکی نارمەک لە تاران و لەوێ گومان لە کەسێکی تەمەن 25 ساڵ دەکەن و داوای وەستانی لێدەکەن، بەڵام ئەو کەسە گوێ بە فەرمانەکەی پۆلیس نادات و هەڵدێت.”
ئەوەش هاتووە، پۆلیسی تاران دوای گومانلێکراوەکە دەکەون، بەڵام بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس ئەو کەسە تەقە لە هێزەکانیان و خەڵکی سڤیل دەکات، بۆیە هێزەکانیان لە وەڵامدا تەقە لەو کەسە دەکەنەوە.
پۆلیسی تاران ئاشکرایکرد، لە رووداوەکەدا سێ کەس لە هێزەکانی پۆلیس بە ناوەکانی مەسعود کەرەمی، ئیحسان مونشیزادگان و فەرزاد روزبەهانی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها چەکدارەکەش کوژراوە و دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.