پۆلیسی فەرەنسا کەسێک دەکوژێت کە هەوڵیداوە پەرستگایەکی جووەکان بسووێنێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی هەینی، پیاوێکی فەرەنسی کە چەقۆی پێبووە، هەوڵیداوە پەرستگایەکی جووەکان لە شاری رۆوین لە باشووری فەڕەنسا بسووتێنێت، پۆلیسی فەرەنساش دەڵێت لەکاتی نزیک بوونەوەی لە پۆلیس، ئەو کەسایان کوشتووە.

جیڕاڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نوسیویەتی ” کاتژمێر 6:45 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پۆلیسی نیشتیمانی فەرەنسا لە شاری رۆوین کەسێکییان کوشتووە کە چەقۆی پێبووە و ویستوویەتی بە ئاشکرا پەرستگایەکی شارەکە بسووتێنێت”.

راشیگەیاند، لەکاتی گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی رووداوەکە، ئاگرێکی کەم لەنزیک پەرستگاکە کەوتبووەوە و هێرشكارەکەش چەقۆ و ئاسنێکی پێبووە، پاش ئەوەی هەوڵیداوە لە پۆلیس نزیکبێتەوە، تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

نیکۆلاس مایەر رۆسیگنۆل، سەرۆکشارەوانیی رۆوین لە ئێکس نوسیویەتی ” ئەمە تەنها کاری نەکردووەتە سەر کۆمەڵگەی جووەکان، بەڵکو کاری کردووەتە سەر سەرانسەری شاری رۆوین نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بڵاوکردووەتەوە.”

ئۆفیسی دادوەری نیشتیمانی دژەتیرۆری فەرەنسا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە ئایا دۆسییە بۆ رووداوەکە بکرێتەوە یاخود نا.

فەرەنسا لەپاش ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زۆرترین ژمارەی جولەکەی تێدایە، هەروەها لەسەر ئاستی ئەوروپاش زۆرترین ژمارەی موسوڵمانی تێدایە.

لە دوای هێرشەکەی 7ی مانگی 10ی ساڵی رابردووی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە، گرژی و ئاڵۆزیی بەشێک لە شارەکانی فەرەنساشی گرتەوە.

لە ماوەی رابردووشدا و لەم هەفتەیەدا بە بۆیاخی سوور میمۆڕیاڵی هۆڵۆکۆستی جووەکان لە فەڕەنسا شێوێندرا و نوسینی لەسەر نووسرا، ئەمەش توڕەیی بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنساوە کە ئەو کارەی بە ” کارێکی دزێوی هەستی دژە جوو ” ناوبرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا