پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەو پارێزەرەی سکاڵای لەدژی یاسای سنورداکردنی ھێنانی ژنی دووەم لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکردبوو، سکاڵاکەی لە دادگای فیدڕاڵی کێشایەوە و دەڵێت، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی سکاڵاکەی کێشاوەتەوە.
بەرھەم رەئوف عەلی، پارێزەری راوێژکار لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ھەرچەندە مانگی ئادار سکاڵایەکی لەسەر نادەستوریبوونی ماددەی یەکی یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2008 یاسای ھەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیەتی ژمارە (188)ی ساڵی 1959_ی ھەموارکراو تۆمارکرد، بەڵام لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە سکاڵاکەی بکشێنێتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوەکردووە و بەھۆی ناڕەزایی رێکخراو و نوێنەری وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان، داوای لێکردووە لە سکاڵاکەی پاشگەزبێتەوە.
ئەو ماددەیەی پارێزەرەکە سکاڵای لەسەر تۆمارکردبوو تایبەت بوو بە رێگرییەکانی یاساکە بۆ ھێنانی ژنی دووەم، بڕیاریش بوو 30ی حوزەیران دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لەسەر سکاڵاکە دەربکات.