پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرچاوەکانی هەواڵ رۆژی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەرێگەی بۆمبی چێندراوەوە هێرشکراوەتە سەر سوپای پاکستان و 7 ئەندامی ئەو سوپایە کوژراون.
ئاژانسی هەواڵی میهر-ی ئێرانی ئاشکرایکرد، رووداوەکە بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە (12ی ئایاری 2024) لە باشووری وەزیرستان لە پارێزگای خەیبەر پختونخوای باکووری رۆژئاوای پاکستان روویداوە و لە ئەنجامدا 7 سەرباز کوژراون و لانیکەم دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گومانەکان بۆ گرووپێکی سەر بە تاڵیبانی پاکستان دەچن.
هێرشەکان بۆسەر ئەو ناوچەیە لەلایەن گرووپی ناوبراو مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە رۆژی 12ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووش لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆسەر هەمان ناوچە، لانیکەم 23 کەس کوژران و 27 کەسیش بریندار بوون.
ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای پاکستاندا نییە و ژمارەیەک خێڵی چەکدار بەڕێوەی دەبەن و بووەتە مۆڵگەیەک بۆ گەشەکردنی گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکان کە بەردەوام چالاکی دژی سوپای پاکستان و خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دەدەن.
گرووپەکە خۆیان وەک بزووتنەوەی جیهادی پاکستانی، کە باڵێكی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانییە ناساندووە تا ئێستا بەرپرسیاریەتیی چەندین هێرشیان لە ئەستۆگرتووە.