پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە وەكالەت دەڵێت هەر خێزانێكی كەم دەرامەت بڕی 100 هەزار دیناری پێدەدرێت.
باس لەوەش دەكات جگە لەو بڕە پارەیە، بڕێك خۆراكیش بەسەر هاوڵاتیانی كەم دەرامەتدا دابەش دەكرێت.
ئاشتی ئیبراهیم محی الدین بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە وەكالەت بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند:لە كاتی كەرەنتینەكردنی هاوڵاتیاندا، لەلایەن خێرخوازانەوە بڕێك پارە كۆكرایەوە، ئێمەش بۆ دیاری كردنی هاوڵاتیانی هەژار و كەم دەرامەت فۆرمێكمان دابەشكرد بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر خێزانە هەژارەكان وەربگرین.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە وەكالەت وتی: ناوەكان ئامادەكراون و رەوانەی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەكرێت، دوای رەزامەندی وەزارەت لە رێی بانكەوە پارەكە دەدرێت بە خێزانەكان كە بریتیە لە بڕی 100 هەزار دینار، كە 35 هەزار خێزانی كەم دەرامەت لێی سودمەند دەبن.
ئاشتی ئیبراهیم محی الدین باسی لەوەكرد، جگە لەو پارەیە، بڕێك خۆراك دابین كراوە كە بریتیە لە 50 كیلۆ برنج و 7 قووتوو رۆن بۆ هەر خێزانێك، بێبەرامبەر دەدرێت بە خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكان، بۆ ئەمەشیان 78 هەزار خێزان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی سەربەم پارێزگایە لێی سود مەند دەبن.
ئەوەشی خستە روو، برنجەكە گەشتووەتە دەستی بریكارەكانی خۆراك و چاوەڕێدەكەین رۆنەكەش بگات ئەوكاتە دەست بە دابەشكردنیان دەكەین.