پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کەم نین چیرۆکەکانی لەدەستدانی کەسانی نزیک و ئازیزانمان، نەک تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراو بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا چەندین چیرۆکی هەستبزوێن هەیە، یەکێک لەو چیرۆکانە، چیرۆکی جینۆ ڤیرانی ئیتاڵییە.
هەر کاتێک جینۆ ڤیرانی دەچووە پرسە، بە کارتێکی “سانتینۆ”وە دەگەڕایەوە، ئەو کارتەش وێنەیەکی ئەو کەسەی لەسەربوو کە گیانی لەدەستدەدا، لە دواوەشی دوعایەک هەبوو.
لەماوەی ئەو ٨٨ ساڵەی ڤیرانی تێیاندا ژیا، نزیکەی ١٥٠ کارتی کۆکردەوە، ئەو کارتانەشی بۆیە کۆدەکردەوە، چونکە لەوانە دەچوو کە وێنەی کەسە پیرۆزەکانی ئاینی کاسۆلیکییان لەسەربوو.
ئەو کارتانە وێنەی هاوڕێیان و منداڵی هاوڕێکانی ڤیرانی لەسەر بوو، خێزانەکەی ڤیرانی ئەو کارتانەیان وەک ئامرازی یاریکردن بەکاردەهێنا بۆ تاقیکردنەوەی رادەی یادەوەری ڤیرانی تا بزانن ئەو کەسانەی بیرماوە کە چووە بۆ پرسەکانیان.
خێزانی ڤیرانی وەک هەر خێزانێکی دیکەی ئیتاڵیا پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانەوە
لەوبارەیەوە مارزیۆ تۆنیۆلۆی نەوەی ڤیرانی دەڵێت: هەندێک جار هەموو کارتەکانم لەسەر مێزێک دادەنا و داوام لە باپیرم دەکرد وێنەیەک دیاری بکات، ئەو زۆربەیانی لەیادبوو.
لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خێزانی ڤیرانی وەک هەر خێزانێکی دیکەی ئیتاڵیا پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانەوە.
تۆنیۆلۆ دەڵێت: کاتێک قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین لە مانگی تەمموز کۆتایی پێهات، باپیرم هەستی بە ئازادی کرد و مەزاجی باش بوو.
بەڵام لە هاوینی رابردوو ڤیرانی دوو جار کەوتەخوارەوە، ئیتر لەتوانایدا نەبوو بە پلیکانەکاندا سەربکەوێت، بۆیە خێزانەی هەستان بە ئامادەکردنی جێگایەک لە نهۆمی زەمینی تا بەتەنیا بخەوێت.
ڤیرانی بۆماوەی ٦٣ ساڵ تەمەنی هاوسەرێتی لەتەنیشت ئینەسی هاوسەرییەوە دەخەوت، بەڵام کاتێک جێگای تەنیای بۆ ئامادەکرا توشی دڵەڕاوکێ بوو و هەستی بە خراپی کرد، کاتێکیش ئەندامانی خێزانەکە هەڵدەستان بە پاککردنەوەی، لە تاو ئازار دەیناڵاند.
بۆیە خێزانەکەی بڕیاریاندا ڤیرانی بگوازنەوە بۆ ناوەندی گرنگیپێدان لە ناوچەیەکی نزیک لە سان فیۆرانۆی باکوری ئیتاڵیا، ئەو شوێنەی تێیدا نیشتەجێ بوون.
بەهۆی دووبارە کەرەنتین کردنەوە بۆماوەی دوو هەفتە، خێزانی ڤیرانی درکیان بەوەکرد جارێکی دیکە بە زیندوویی باپیریان نایبیننەوە.
ڤیرانیمان نارد تا دوور لە ماڵەوە بمرێت
تۆنیۆلۆ باسی لەوەکرد، لەوکاتەوە نەنکم هەست بە ئازاری ویژدان دەکات و دەڵێت: ڤیرانیمان نارد تا دوور لە ماڵەوە بمرێت.
دوای هەفتەیەک ڤیرانی بەهۆکاری سروشتی کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەیان گەڕاندەوە بۆ ماڵەکەی.
سەرجەم وێنەکان لەلایەن مارزیۆ تۆنیۆلۆی نەوەی ڤیرانییەوە لە کۆتا مانگی پێکەوەبوونیان لەگەڵ باپیری گیراوە لەماوەی کەرەنتیندا.
ئەم بابەتە لە ئاژانسی رۆیتەرزی ئەمریکی وەرگیراوە