نەورۆز دۆستانە بە هەولێری عێراقی دۆڕا

پۆڵەتیك: سپۆڕت
لە چوار چێوەی ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی نوێی تۆپی پێ‌ لە كوردستان و عێراقدا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە هەردوو یانەكانی نەورۆزی شاری سلێمانی و پاسەوانانی قەڵای هەولێر تیپی عێراق لە سەر یاریگای زانكۆی تایبەت بە یانە سورپۆشەكەی شاری سلێمانی ڕووبەڕووبوونەوە لە یارییەكی دۆستانەی ئامادەكاری دا.

سەرەتای چوونە نێو یاریگاوە هەولێر بە بەرگە ڕەش و زەردە ناسراوەكەی و یانەی نەورۆزیش بە درێسی پرتەقاڵی یەدەگەوە هەردوو تیپ و تەواوی ئامادەبوانی نێو یاریگاكە خولەكێك بە بێ‌ دەنگی وەستان بۆ ڕۆحی 3 كۆچ كردووی خێزانی ڕاگەیاندنكاری وەرزشی و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەكە (نەوا لەتیف) كە لە ماوەی 10 ڕۆژدا (باوك و دواتر دایك و شەوی ڕابردووش برایەكی) بە هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە گیانیان سپاردەی پەروەردگار كردەوە.

دواتر فیكەی دەست پێكی یارییەكە لێ‌ درا و هەردوو یانە بە پێكهاتەی هاوسەنگەوە بۆ یارییەكی ئامادەكاری دۆستانە چوونە نێو یاریگا ئەگەر چی پاسەوانانی قەڵای هەولێر یاریزانە پێشەگەرەكانی ئامادە نەبوون، بەڵام زۆرێك لە یاریزانە ناوخۆییەكانیان بەشدارییان كرد و یارییەكەش لە نێوان هەردوولادا گرتە و بەردەیەكی زۆری بە خۆوە بینی سەرئەنجام گێمی یەكەم بۆ گۆڵێك بۆ یانەی میوان بە كۆتا هات كە لە ڕێی پیناڵتییەوە تۆمار كرا.

دواتر و لە گێمی دووەمدا پاش چەند گۆڕانكارییەكە یانەی هەولێر توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و لە ساتەكانی كۆتایی یارییەكەشدا یانەی نەورۆز بە پیناڵتی توانی گۆڵێك تۆمار بكات سەرئەنجام یارییەكە بە ئەنجامی 2 – 1 لە بەرژەوەندی یانەی میوان بە كۆتا هات.

بڕیاریش بوو یانەی قووە جەوییە یەكێك لە 4 گەورەكەی تۆپی پێی شاری بەغدادی پایتەخت بێتە سلێمانی و لەگەڵ هەردوو یانە یاری بكات لە یاریگای ئیدارە محەلی لە گەڕەكی چوارباخ، بەڵام لایەنی ئیداری شاری سلێمانی ڕێگیری لەو هاتنە كرد هەر بۆیە ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو هەردوو یانەكانی جەمسەرانی یارییەكەی ئەمڕۆ جارێكی تر لە مەلعەبەكە یارییەكی تری دۆستانە ئەنجام دەدەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە
نەورۆز 1 X هەولێر 2

عیماد ئەحمەد       میران خەسرەو/ دیار عەلی
 

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا